سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ CNN: دۆخێکی باشترمان بەراورد بە عێراق هەیە

مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان رای گەیاند، پابەندبوونمان بە جێبەجێكردنی كارەكان بە دروستی، كوردستانی كردووەتە خاوەن پێگەیەكی دەگمەن و بووەتە دەروازەیەك بۆ تەواوی عێراق.
مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بۆ تۆڕی هەواڵی “CNNلەبارەی كەرتی وەبەرهێنان رای گەیاند، ئێمە لە ڕووی تەناهیی و ژێرخانەوە بارودۆخێكی باشترمان هەیە، زوو دەستمان بە گەشەپێدان كرد بە بەراورد لەگەڵ تەواوی عێراق و بە پلەی یەكەم سەرنجمان لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییە”.
” پابەندبوونمان بە جێبەجێكردنی كارەكان بە دروستی، كوردستانی كردووەتە خاوەن پێگەیەكی دەگمەن و بووەتە دەروازەیەك بۆ تەواوی عێراق، هەر كەسێك وەبەرهێنان لە كوردستان بكات دەرفەتی ئەوەشی هەیە سەیری تەواوی عێراق بكات” مەسروور بارزانی وای گوت.
سەرۆك وەزیرانی كوردستان لە قسەكانیدا دووپاتی لەوە كردووە كە ئامانجی پلانەكانیان بریتییە لە هەمەچەشنكردنی ئابووری و دەستەبەركردنی چەندان سەرچاوەی داهات بەبێ ئەوەی تەنیا پشت بە نەوت ببەستن.
هەروەك باسی لەوە كردووە كە وەبەرهێنانی زۆری بیانی لە كوردستان نییە، هەر لەبەر ئەوەشە یاسای وەبەرهێنان دەگۆڕین، بۆ ئەوەی سەرنجی وەبەرهێنەری زیاتری بیانیی ڕابكێشین.
لەبارەی گرێبەستەكانی ئەم دوایەی كە لە ئەمەریكایش واژووی كرد سەرۆك وەزیران گوتویەتی، لە گرێبەستەكانی ئەم دواییانەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیا ئەمەریكییەكان بە بڕی 110 ملیار واژوو كراون.