ئەمڕۆ 40 ساڵ بەسەر كارەساتی بۆردومانی ئۆردوگای زێوەدا تێدەپەڕێت

ئەمڕۆ 40 ساڵ بەسەر كارەساتی بۆردومانی ئۆردوگای زێوەدا تێدەپەڕێت

ئۆردوگای زێوە دەكەوێتە دەشتی ملگەوەری كوردستانی ئێران و دوای خیانەتی جەزائیری ساڵی 1975 بە هەزاران ئاوارەی كوردستانی عێراق وەك پەنابەری سیاسی تێیدا نیشتەجێبوون.

ڕۆژی 9ی حوەزیرانی ساڵی 1985 لەلایەن ژمارەیەك فڕۆكە جەنگییەكانی رژێمی ئەوكاتی عێراق ئۆردوگای زێوە كرایە ئامانج و لە ئەنجامی كارەساتەكەی زێوەدا سەدان هاووڵاتی سڤیل شەهید و برینداربوون.

لەنێوان ساڵانی 1980 تا 1988 9 جار زێوە كرایە ئامانج و بۆردومانكرا، لەكاتێدا دەبوو بەپێی میساقی نەتەوە یەكگرتووەكان ژیان و كەرامەتی ئاوارەكان پارێزراوبێت، بەڵام دوور لەهەموو بەهایەكی مرۆڤایەتی و یاسا و رێسای نێودەوڵەتی، رژێمی عێراق دەستی چووە خوێنی ژن و منداڵی پەنابەر.
جێگای ئاماژەیە لەكارەساتی ڕۆژی 9ی حوزەیرانی زێوەدا، نزیكەی 150 پەنابەر شەهید و نزیكەی 400 پەنابەریش برینداربوون.

سەرۆک مەسعود بارزانی کە دوای تاوانەکە دەستبەجێ گەیشتە ناو ئۆردوگاکە و چاوی بە هاووڵاتییە کۆستکەوتکەکان کەوتووە و بە چاوی خۆی قەبارەی تاوانەکەی بینیوە، لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا لەبارەی تاوانەکانی حکومەتی ئەوسای عێراق بەرانبەر گەلی کورد گوتی: “ساڵی 1985 کە زێوە بۆردومان کرا، تاوانێکی وا کە مەزەندە نەدەکرا، من یەکسەر گەیشتمە ئەوێ، باوەڕ بکەن لەژیانمدا ڕۆژێکم بەسەردا تێنەپەڕیوە کە ئەو دیمەنانە نەیەنەوە بەرچاوم، منداڵی بێسەر، منداڵی بووەتە دوو لەت، ئافرەت و شتی وام بینی کە وەسف ناکرێت. من لەوکاتەدا شێرەژنێکم بینی، کیسەی پارچە گۆشتی هەر چوار کوڕەکەی دانا و هات و منی لەباوەش کرد و گوتی: من نامەوێ فرمێسکت ببینم، دوو کوڕم ماوە، ئەوانیش قوربانی کوردستان بن”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button