ڕەزامەندیی پێدانی زەوی بۆ نزیکەی 11 هەزار پێشمەرگە دەرچوو

ڕەزامەندیی پێدانی زەوی بۆ نزیکەی 11 هەزار پێشمەرگە دەرچوو

سەربەست مەولوود، سەرپەرشتیاری تیمی وردبینی و ڕێکخستنی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی له‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: “نووسراوی ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ تەرخانكردنی زەوی بۆ 10 هەزار و 800 پێشمەرگە گەڕایەوە وەزارەتی شارەوانی.”

سەبارەت بە وردەكاریی لیستەكە، گوتی: “ئەو ڕەزامەندییە کە وەجبەی سێیەمی پێشمەرگەیە، ناوی یەکە و بەڕێوەبەرایەتییە جیاوازەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی تێدایە.”

ئاشکراشی کرد: “ئێستا 20 هەزار فۆڕمی زەویی یەکەکانی 70 و 80ی پێشمەرگە لە لایەن تیمەکانمان وردبینی دەکرێت و ئەویش دەنێردرێ بۆ وەگرتنی ڕەزامەندی.”

بەرپرسەكەی وەزارەتی شارەوانی باسی لەوەش كرد، لێژنەکان تاوەکوو ئێستا نزیکەی 30 هەزار پێشمەرگە ڕەزامەندیی پێدانی زەوییان بۆ دەرچووە.

لە چوار قۆناغدا تاوەكوو ئێستا زیاتر لە 326 هەزار فەرمانبەر رەزامەندیی تەرخانكردنی زەوییان لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە بۆ دەرچووە.

سەربەست مەولوود، ئاشكراشی كرد: “رەزامەندییەكان بەپێی شوێنی نیشتەجێبوون و كارتی زانیاری و بەپێی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان جیا دەكرێنەوە، پاشان بۆ شارەوانییە پەیوەندیدارەكانیان رەوانە دەكەین، بۆ تەرخانکردنی زەوی بۆیان.”

هەر فەرمانبەر و پێشمەرگەیەک، كە ‏8 ساڵ خزمەتی هەبێت و هەر خانەنشینێكیش لە كاتی فەرمانبەریدا سوودمەند نەبووبێت، زەوییەكی 200 مەتری پێ دەدرێت.

ڕۆژی 27ی 03ی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی کە سوودمەند نەبوونە و لە رۆژی 31ی 5ی 2024، وەزارەتی شارەوانی رێنوێنیی ژمارە 2ی ساڵی 2024ی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە رۆژنامەی وەقایعی فەرمیی كوردستان بڵاو كردەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button