پارێزگاری هەولێر و تاران ڕێککەوتنێکییان واژۆکرد

لە ئێران، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و محەممەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری تاران، لێكتێگەیشتنێكی هاوبەشیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكان و فراوانكردنی بەرژەوەندییە ئابوورییە هاوبەشەكانی نێوانیان واژۆ كرد.
ئەمڕۆ سێشەممە 29ی 4ی 2025، پارێزگای هەولێر بڵاوی كردەوە، “ئێوارەی دووشەممە، دوای ئەنجامدانی یەکەمین كۆبوونهوهى نێوان ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و محهممهد سادق موعتهمدیان، پارێزگارى تاران، بەئامادەبوونى شاندى هەردوولا، لە دیوانى پارێزگاى تاران، لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو پارێزگا لە پێناو پەرەپێدانى پەیوەندییەکان و بەمەبەستى بەرفراوانکردنى بەرژەوەندییە ئابوورییە هاوبەشەکان، لە نێوان هەردوو پارێزگا لێکتێگەیشتنی هەولێر و تاران واژۆ کرا.”
وەك پارێزگای هەولێر بڵاوی كردووەتەوە، ئەمەی خوارەوە دەقی ئەو 9 خاڵەیە كە لەنێوان هەولێر و تاران واژۆ كراوە:
1- ئاسانکاری بۆ پێدانی مۆڵەتی کارکردن بۆ هاووڵاتییانی هەردوو پارێزگا لە کاروباری بازرگانی و بانکیدا.
2- بەهێزکردنی ڕاوێژکاری بازرگانیی ئێران لە هەولێر.
3- ئاسانکاری بۆ کاروباری گومرگی، ئەگەر بکرێت هەوڵەکانی هەولێر لەگەڵ بەغدا بۆ کەمکردنەوەی باجی گومرگی لەسەر کاڵا و بەرهەمە زانستییەکان.
4- ئاڵوگۆڕی شاندی بازرگانی، ئەنجامدانی کۆنفڕانس و پێشانگە، هەروەها ئاڵوگۆڕی ئاماری بازرگانی و زانیاری لە پێدانی لیستی کەلوپەل و مەرجە پەسەندکراوەکانی هەردوو پارێزگاکە.
5- فراوانکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو پارێزگا لە بواری هەناردەکردنی خزمەتگوزاریی تەکنیکی و ئەندازیاریی بەتایبەتی لە پیشەسازیی بیناسازیی و دامەزراندن.
6- فراوانکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو پارێزگا لەبواری گەشتوگوزاریی پزیشکی، هەناردەکردنی خزمەتگوزاریی فێرکاری، پزیشکی و دەرمان، ڕۆشنبیری و وەرزشی نێوان هەردوو پارێزگاکە.
7- ڕاگەیاندنی ئامادەیی بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری توێژینەوە و دەستکەوتەکان لە بوارەکانی پیشەسازیی و بایۆتەکنەلۆجی، ئەندازیاری پزیشکی، پڕۆژەی زانستی و نانۆتەکنەلۆژیا و ئاسانکاری بۆ وەرگرتنی قوتابیانی پارێزگای هەولێر لە پارێزگای تاران.
8- ئەنجامدانی کۆبوونەوەی هاوبەشی وەرزی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی هەردوو پارێزگای تاران و هەولێر لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکان، بە هەماهەنگی کونسوڵخانەی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر و پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران.
9- فراوانکردنی ئاڵوگۆڕەکان و جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی بەشداریکردنی زانیارییە گشتییەکان و ڕێکخراوە ناحکوومییەکان (NGOS).