وەزارەتی تەندروستی ڕێنوێنییەكانی خۆپارێزی لە پەتای تای خوێنبەربوون بڵاو كردەوە

وەزارەتی تەندروستی ڕێنوێنییەكانی خۆپارێزی لە پەتای تای خوێنبەربوون بڵاو كردەوە و ڕاشیدەگەیەنێت، خۆتان بپارێزێن و پێویستە ڕێنوێنییە تەندروستییەكانیش وەك خۆی جێبەجێ بكەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی 4ی 2025، وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێنوێنییەكانی پەتای تای خوێنبەربوونی بڵاو كردەوە و ڕایدەگەیەنێت، كە بۆ دووربوون لە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون پێویستە لە سەر بڕینی ئاژەڵدا ئەم رێنوێنییە زانستیانەی خوارەوە جێبەجێ بكرێت..

ڕێنوێنییە تەندروستییەكانی وەزارەتی تەندروستی ئەمانەن:
1- سەربڕینی ئاژەڵ پێویستە لەناو ئەو سەربڕینخانانەدا بێت، کە ڕێگە پێدراون و پزیشکی ڤێتێنەری سەرپەرشتی دەکات.
2- لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵدا و کەوڵکردن یان پارچەپارچەکردنی گۆشتەکەیدا پۆشینی جلوبەرگی خۆپارێزی وەك (دەستکێش، جزمە، سەدریەی پلاستیك، ماسکی دەموچاو) پێویستە لەبەرکرێن.
3- نابێت خانەوادە یان خەڵک کۆ ببنەوە لەچواردەوری سەربڕەکە (قەساب) و نابێت هاوکاری بکەن لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵ و پارچەپارچەکردنی گۆشت.
4- بەبێ دەستکێش مامەڵەکردن لەگەڵ جەستەی ئاژەڵی سەربڕاو مەکە و دوای پۆشینی دەستکێش و کەلوپەلی خۆپارێزیی گۆشتەکە پارچەپارچە بکە و پاشان دەستت بەباشی بشۆ.
5- لابردنی پاشماوەی ئاژەڵە سەربڕاوەکان ودانانی کیسی داخراو فڕێدانی بۆ شوێنی تایبەت.
6- بەکارهێنانی چەقۆ و تەختەی پارچەپارچەکردنی تایبەت بەگۆشت شوشتن و پاکژکردنەوەی تەختە و چەقۆکان دوای بەکارهێنان.
7- پاککردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەکەی لێ سەردەبڕێت و بەتایبەت ئەوشوێنانەی خوێنی لێیە بەماددەی کلۆریین (بلیچ- موعجیزە) ڕوونکراوە.
8- باشتر وايە گۆشت دواى سەربڕينى ئاژەڵ بۆ ماوەى نيو كاتژمێر لە پلەى (٤ – ٨ )پلەى سەدى هەڵبگيرێت پاشان بەكاربهێنريت، بەڵام گۆشتی کوڵاو هیچ کێشەی نییە و سەلامەتە و نابێتە هۆی توشبوون بەنەخۆشی تای خوێنبەربوون.
9- ئەگەر ئاژەڵ گەنە يان مێرووى ترى هەبوو باشتر وايە نەيكڕيت يان سەری نەبڕیت، بۆ دووربوون لە نەخۆشى تاى خوێنبەربوون، كە ئەم نەخۆشییە لەنێوان ئاژەڵەکاندا دەگوازرێتەوە و تەنانەت بۆ مرۆڤیش، بەهۆی گەنە و مێروەکانی کە لەسەر ئاژەڵەکان دەژین و بەهۆی خوێن و گۆشتی ئاژەڵەکەوە دەگوازرێتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button