سەرۆک بارزانی و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا کۆبوونەوە

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا دەكات
ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 23ی نیسانی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ژان نوێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا كرد.
لە دیدارەكەدا كە بەڕێز پاتریك دۆرێل باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و بەڕێز یان برێم كونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێر ئامادەی بوون، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا سوپاسی سەرۆك بارزانیی كرد بۆ پێشوازی و هەروەها وێڕای جەختكردنەوە لە پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان گەلی كوردستان و گەلی فەڕەنسا، سەرۆك بارزانیی وەك ئەندازیاری ئەو دۆستایەتییە وەسفكرد. لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەتی فەڕەنسای كرد كە هەمیشە لە كاتی تەنگانەدا پشتیوانی گەلی كوردستان بوونە.
هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی ناوخۆی هەرێم و پێویستیی پێكهێنانی كابینەی تازەی حكوومەتی هەرێم لە زووترین كات خرایە بەرباس و گفتوگۆ و، هەڵسەنگاندن بۆ پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هەروەها بارودۆخی ناوچەكە و سووریا كرا.
پەیوەست بە بارودۆخی سووریا و داهاتووی كورد لەو وڵاتە جەخت لە سەرخستنی هەوڵەكان بۆ گفتوگۆ و نێوەندگیری و یەكڕیزی نێوان لایەنە كوردییەكانی سووریا كرایەوە و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە یەكخستنی هەوڵەكان و لەیەكنزیككردنەوەی لایەنە كوردییەكانی سووریا هەبوو.
لەبارەی پڕۆسەی ئاشتیی توركیا، سەرۆك بارزانی هەنگاو و هەوڵەكان بۆ چارەسەری ئاشتیانە لە توركیای بەرز نرخاند و ڕاشیگەیاند هەرێمی كوردستان هەمیشە ئامادە و پشتیوانی هەموو هەوڵێكە كە پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا بگەیێنێتە ئەنجام.
لە كۆتایی ئەم دیدارەدا وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بە فەرمی بانگهێشتی سەرۆك بارزانیی كرد بۆ سەردانی بۆ شاری پاریس و ئامادەبوون لە مەراسیمی پەردەلادان لەو شوێنەی كە بە مەبەستی ڕێزگرتن لە قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستان لە یەكێك لە پاركەكانی پاریس دەكرێتەوە.