کارەکانی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر تەواو بووە

نزیکەى 73٪ـی کارەکانی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر تەواو بووە
ڕۆژی دووشەممە، 21ـی نیسانی2025، پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، کارکردن لە پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر بەردەوامە، تاکوو ئێستا نزیکەی 73٪ـی کارەکانی تەواو بووە و بڕیارە لە مانگی تەمموزی ئەمساڵ بەشی یەکەمی بکەوێتە کار و ئاو بگەیێنرێتە ئەو گەڕەکانەی دەکەونە سنووری شارەوانییەکانی “چوار، پێنج و شەشی هەولێر.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “ئەو پڕۆژەیە توانای هەیە لە یەک کاتژمێردا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەولێر دابین بکات، کە دەکاتە 60٪ـی پێویستیی هەولێر بە ئاو و 40٪ـکەی دیکەش لە ڕێگەی هەر سێ پرۆژەی ئیفراز “یەک، دوو، سێ” دابین دەکرێت، بە تەواوبوونی ئەو پرۆژەیەش 100٪ کێشەی ئاو بۆ دەیان ساڵ لە هەولێر بنەبڕ دەکرێت.
ڕاشیگەیاند “ئێستا بە بەردەوامی و 24 كاتژمێریی کار لەو ئەو پڕۆژەیەدا دەکرێت و قۆناغەکانی ڕاکێشانی بۆڕی بۆ گەڕەکەکانی هەولێر دەستی پێ کردووە، کوالێتیی ئەو کەرستانەشی لەو پڕۆژەیەدا بەکار هێنراون لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە و بڕیارە لە مانگی تەمووزی ئەمساڵ بەشی یەکەمی بکەوێتە کار و ئاو بگەیێنرێتە ئەو گەڕەکانەی دەکەونە سنووری شارەوانییەکانی چوار، پێنج و شەشی هەولێر.”