سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە

لە ساڵڤەگەڕی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکان، بە ڕێز و شکۆوە یادی هەموو قوربانییانی ئەو شاڵاوە ڕەگەزپەرستانەیە دەکەینەوە کە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، ڕووبەڕووی هۆڤانەترین تاوانی پاکتاوکردن بوونەوە کە دەستپێکێک بوو بۆ شاڵاوەکانی دیکەی ئەنفال لە ناوچەکانی گەرمیان و بادینان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و کۆمەڵکوژیی ناوچەکانی دیکەی کوردستان.

دەڤەری بارزان هەمیشە مەڵبەندی شۆڕش و ڕاپەڕین و تێکۆشان بووە لە پێناو بەرگریکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان، بۆیە دووچاری چەندین شاڵاوی وێرانکردن و سووتاندن و کۆمەڵکوژی بووەتەوە، بەڵام دوژمنان هەرگیز نەیانتوانیوە گیانی خۆڕاگری و خواست و ویستی ئازادیخوازانەی خەڵکەکەی لەناوببەن. تا ئەمڕۆش دەڤەری بارزان، ناوەند و مەکۆی داکۆکیکردنە لە ماف و داخوازییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی گەلی کوردستان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ ودانوستانەکانیدا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، هەمیشە پێداگرە لەسەر ئەوەی دەبێت بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق، بە شێوەیەکی شایستە، قەرەبووی ماددی و مەعنەویی بکرێنەوە.

لەم بۆنە خەمناکەدا، ڕێز و پێزانینمان بۆ خەڵکی کوردستان بە گشتی و خەڵکی هەولێر و دەوروبەری بەتایبەتی هەیە کە جوامێرانە بە هانای کەسوکاری لێقەوماوی بارزانییەکانەوە چوون و هاوکاریان کردن.

سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ئەنفالکراوی بارزانییەکان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین و هەمیشە لەیادمانن.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2024/7/31

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button