له‌ زۆربه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كانی شاری هه‌ولێر گرفتی گه‌یاندن و دابه‌شكردنی ئاوی پاك چاره‌سه‌ر كراوه

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 14-7-2024، به ‌سه‌رپه‌رشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر و به‌ ئاماده‌بوونی مه‌سعود كاڕه‌ش و هێمن قادر، جێگرانی پارێزگار و نوێنه‌ری ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و قایمقامی قه‌زای ناوه‌ند و سه‌رۆكی شاره‌وانی هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی شاره‌وانییه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئاو و ئاوه‌ڕۆ و به‌ڕێوه‌به‌رانی ئاوی هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری و به‌ڕێوه‌به‌ری كۆچ و كۆچبه‌ران و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان له‌باره‌ی پرسی ئاوی ماڵان به‌ڕێوه ‌چوو.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌و هه‌نگاو و پڕۆژانه‌‌ كرا، كه‌ ده‌بنه‌ هۆی چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی بۆ ئه‌و كێشانه‌ی‌ له‌كاتی دابه‌شكردنی ئاو به‌سه‌ر گه‌ڕه‌كه‌كانی شاری هه‌ولێر درووست ده‌بن.

پارێزگاری هه‌ولێر ته‌واوی لایه‌نه‌كانی راسپارد، به‌ده‌م داواكارییه‌كانی هاووڵاتییانه‌وه‌ بچن و ته‌واوی پاڵپشتییه‌كانی پارێزگای له‌م‌ پێناوه‌دا نیشان دا.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، چه‌ندان پڕۆژه‌ ده‌ست پێكراون، كه‌ به‌هۆیانه‌وه‌ گرفته‌كانی كه‌مئاوی چاره‌سه‌ر ده‌بن،‌‌ بریتین له‌ لێدانی بیری ئاوی نوێ له‌و شوێنانه‌ی كه‌ بیره‌كان به‌هۆی كاریگه‌رییه‌كانی كه‌شوهه‌وا و وشكه‌ساڵییه‌وه‌ وشك بوون، جیا له‌ دابینكردنی كاره‌با و ته‌واوی پێداویستییه‌كانی دیكه‌، كه‌ ده‌بنه‌ هۆی دابینكردنی ئاوی پێویست بۆ هاووڵاتییان.

بڕیاریش درا تا ئه‌و پڕۆژانه‌ ته‌واو ده‌بن، به‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی، له‌ رێگه‌ی ته‌نكه‌ره‌وه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی كورت ئاوی پاك بگه‌یه‌ندرێته‌ هه‌موو ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی كه‌ پێویستییان به‌ ئاوه‌.

پارێزگاری هه‌ولێر راشیگه‌یاند، له‌ ماوه‌یه‌كی زۆر كورت ته‌واوی گرفت و ئاڵنگارییه‌كان كه‌ دێنه‌ به‌رده‌م پرۆسه‌ی گه‌یاندن و دابه‌شكردنی ئاوی پاك بۆ ماڵان چاره‌سه‌ر ده‌بن و تیمه‌ هونه‌رییه‌كانی‌ پارێزگای هه‌ولێر خه‌ریكی چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانن.

جه‌ختیشی له‌ رێگریكردن له‌ زێده‌ڕۆییكردن بۆسه‌ر هێڵه‌كانی ئاو كرده‌وه‌، داواشی كرد هاووڵاتییان ده‌ست به‌ ئاوه‌وه‌ بگرن و به‌ گوێره‌ی پێویستییه‌كانیان به‌كاری بهێنن.

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، هاووڵاتییان ده‌ستكاری قوفڵه‌كانی دابه‌شكردنی ئاو نه‌كه‌ن، تیمه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاوی هه‌ولێر به‌ هاوسه‌نگی ئه‌ركی دابه‌شكردنی ئاویان له‌ ئه‌ستۆدایه‌ و ئه‌وان به‌ گوێره‌ی به‌رنامه‌كانیان ئه‌و كاره‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

ئاشكراشی كرد، له‌ زۆربه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كانی شاری هه‌ولێر گرفتی گه‌یاندن و دابه‌شكردنی ئاوی پاك چاره‌سه‌ر كراوه‌، ئه‌و شوێنانه‌ش كه‌ ماون، له‌ ئایینده‌یه‌كی نزیك گرفته‌كانیان چاره‌سه‌ر ده‌بن.

دووپاتیشی كرده‌وه‌، چاره‌سه‌ركردنی گرفتی ئاو له‌شاری هه‌ولێر له‌ پێشینه‌ی كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م و خوودی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانییه‌،‌ له‌ ئایینده‌دا له‌ رێگه‌ی كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌وه‌ ئه‌و گرفتانه‌ به‌ یه‌كجاره‌كی بنبڕ و چاره‌سه‌ر ده‌بن.

گوتیشی، پێویسته‌ میدیاكان و مامۆستایانی ئایینی هاوكار بن بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی هاووڵاتییان له‌باره‌ی چۆنیه‌تی به‌كارهێنانی ئاوی پاك و زێده‌ڕۆیی نه‌كردن له‌ به‌كارهێنانی.