سەرۆک بارزانی لەگەڵ سەرکردە و لایەنە سووننەکان کۆبوویەوە

سەرۆک بارزانی لەگەڵ سەرکردە و لایەنە سووننەکان کۆبوویەوە

لە درێژەی سەردانەکەی بۆ شاری بەغدا ڕۆژی پێنجشەممە 4ی تەممووزی 2024، سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ سەرکردە و لایەنە سیاسییە سووننەکان لە ماڵی شێخ خەمیس خەنجەر لە شاری بەغدا کۆبوویەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا سەرکردە و لایەنە سووننەکان پێزانینیان بۆ سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا هەبوو و بە سەردانێکی مێژوویی و گرنگ لەقەڵەمیان دا کە دەرئەنجام و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر کۆی پڕۆسەی سیاسی بەجێ دەهێڵێت. هەروەها باسیشیان لە داخوازییەکان و گیروگرفتەکانی پێکهاتەی سووننە و کێشەی دیاریکردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا لایەنە سیاسییە سووننەکان داوایان لە سەرۆک بارزانی کرد یارمەتیدەری پڕۆسەی سیاسیی عێراق بێت بۆ ئەوەی هەموو پێکهاتەکان بگەنە چارەسەر بۆ کێشە و داخوازییەکانیان و جەختیان لەوە کردەوە کە بوونی سەرۆک بارزانی لە بەغدا پشت و پەنایە بۆ پێکهاتەی سووننە و پێکهاتەکانی تری عێراق و هێز دەداتە پڕۆسەی سیاسی.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بە کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سووننەکان دەربڕی و هیواشی خواست کە ئەو کۆبوونەوەیە ببێتە سەرەتایەک بۆ لێکتێگەیشتن و هەماهەنگیی زیاتری نێوان لایەنەکان.
لە بەشێکی تری ئەو دانیشتنەدا سەرۆک بارزانی وێڕای ئاماژەدان بۆ هۆکارەکانی سەردانی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، ڕایگەیاند کە کەشێکی ئەرێنی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا هاتۆتە ئارا کە لەسەر بنەمای دەستوور و بەپێی ڕێککەوتنەکان بەسەر کۆسپ و ناتەبایی و کێشەکاندا زاڵ ببین.

پەیوەست بە بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە ئەو بابەتە ڕەهەندی نیشتیمانی هەیە و پێویستە بڕیاری دەستەجەمعی و نیشتیمانی لەوبارەیە هەبێت کە خزمەتی بەرژەوەندیی و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە بکات.
لەبارەی پرسی دیاریکردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە بەرژەوەندیی گشتی و داهاتوو و چارەنووس لەسەرووی دەستکەوت و بەرژەوەندیی تاکەکەسی و حزبیە و داوای کرد کە لایەنە سووننەکان یارمەتیدەری یەکتر بن و ئەو پرسە بە زووترین کات چارەسەر بکرێت.