سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق دەکات
رۆژی یەکشەممە 9ی حوزەیرانی 2024، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز پاتریک دۆرێل باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا باس لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و ئالنگاریی و ئاستەنگەکانی بەردەم سەقامگیری ناوچەکە کرا.
هەر لەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا و بەردەوامی و بەرەوپێشەوە بردنی پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەردوولا بە گرنگ زانرا.
هەروەها سەرۆک بارزانی سوپاسی فەڕەنسای کرد و ئاماژەی بەوەدا کە گەلی کوردستان هەرگیز ڕۆلی دۆستانە و ئیجابی گەل و حکوومەتی فەڕەنسا لەبیر ناکات کە لە قۆناغە سەختەکاندا هاوسۆز و پاڵپشتی گەلی کوردستان بوون، و هەروەها باسی لە هەڵوێستی سەرۆک فرانسوا میتران کرد لە پشتگیری و بەدەنگەوەهاتنی گەلی کورد لە ساڵی 1991 و هەوڵدانیان لە دەرکردنی بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایش و دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام و پاراستنی گەلی کوردستان.
لە کۆتایی دیدارەکەدا باس لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا کە بڕیارە ئەمساڵ ئەنجامبدرێت و جەخت لە پێویستیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کرایەوە.