باڵیۆزی ئەمریكا هۆشداریی بە عێراق دەدات

باڵیۆزی ئەمریكا هۆشداریی بە عێراق دەدات
باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا، بە توندی هێرشەكەی سەر كۆمپانیایەكی ئەمریكی لە پایتەختی عێراق سەركۆنە كرد.
ئەلینا رۆمانۆوسكی، خانمە باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە بەغدا، راگەیاندراوێكی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (X) بڵاو كردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە كرد: “ئەو هێرشە توندانەی ئەم دواییە سەركۆنە دەكەین كە كراونەتە سەر كۆمپانیاكانی ئەمریكا و كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان.”
هاوكات داوای لە حكوومەتی فیدڕاڵیی عێراق كرد، رێوشوێنی پێویست بگرنە بەر و لێكۆڵینەوەیەكی گشتگیر بكەن و بەرپرسانی ئەم هێرشانە ڕووبەڕووی یاسا بكەنەوە و “ڕێ لە هەر هێرشێكی دیكە لە داهاتوو بگرن.”
هۆشداریی ئەوەشی داوە كە “ئەم جۆرە هێرشانە ژیانی هاووڵاتییان و موڵكوماڵیان دەخەنە مەترسییەوە، هەروەها دەكرێ ببنە هۆی لاوازكردنی توانای عێراق بۆ راكێشانی وەبەرهێنانی بیانی.”
لە كۆتاییشدا ئەوەی وەبیر عێراق هێناوەتەوە كە “هێشتا پابەندین بە هاوبەشیی ئەمریكی – عێراقیی گشتیی بۆ بونیادنانی هەلی ئابووری و پێشخستن بۆ هەموو عێراقییەكان.”
ئەم هەڵوێستەی ئەمریكا دوای ئەوە هات كە بەیانیی ئەمڕۆ بە دوو بۆمب، هەریەك لە كۆمپانیایەكی ئەمریكی و پەیمانگای كامبریدجی بەریتانی لە بەغدا تەقێندرانەوە. هەفتەی رابردووش دوو لقی زنجیرە ڕێستورانتی KFCی ئەمریكی هێرشیان كرابووە سەر.