كۆمیسیۆن كاره‌كانی ڕاگرت و پارتی گره‌وی برده‌وه‌

دڵشاد مه‌ولود گه‌ردی: یه‌كێتییەکان ده‌یانوت هه‌ڵبژاردن یه‌ك ده‌قه‌ش دواناخرێت، به‌ڵام كۆمیسیۆن كاره‌كانی ڕاگرت و پارتی گره‌وی برده‌وه‌

كۆمیسیۆن كاره‌كانی ڕاگرت و پارتی گره‌وی برده‌وه‌

پارتی دیموكراتی كوردستان، وه‌ك خاوه‌نی دۆزی ڕه‌وای خه‌ڵكی كوردستان، جارێكی دیكه‌، بۆ هه‌موو لایه‌كی سه‌لماند، كه‌ ڕه‌وڕه‌وی سیاسی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ده‌ستی پارتیدایه‌ و هیچ لایه‌ن و هێز و وڵاتێكی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تی چ به‌ ته‌نیا و چ به‌یه‌كه‌وه‌ كۆببنه‌وه‌ ناتوانن ته‌جاوزی پارتی بكه‌ن و ئیراده‌ی خۆیانی به‌سه‌ردا بسه‌پێنن.

پارتی دامه‌زرێنه‌ری سیستمی سیاسی و په‌رله‌مانی و شه‌رعیه‌تی جه‌ماوه‌ری و ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستانه‌ و هه‌ر پارتیش ئه‌م هه‌رێمه‌ و كیانه‌ ده‌ستورییه‌كه‌ی ده‌پارێزێت.

ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ یه‌كێتی و هاوئاوازه‌كانی به‌رده‌وام ده‌یانوت به‌ بێ پارتی هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت و ده‌یانویست ته‌جاوزی پارتی بكه‌ن و هه‌ڵبژاردنێكی شانۆگه‌ری ئاسا به‌ڕێوه‌به‌رن، بێ ئاگا له‌وه‌ی به‌ بێ پارتی پڕۆسه‌ی سیاسی له‌ كوردستان هیچ مانایه‌كی نیه‌.

سه‌ركرده‌ و به‌رپرسانی باڵای یه‌كێتی له‌ چه‌ندین بۆنه‌دا ده‌یانوت هه‌ڵبژاردن دواناخرێت و یه‌ك ده‌قه‌ش دواناخرێت، به‌ڵام ئه‌مڕۆ كۆمیسیۆن كاره‌كانی ڕاگرت و پارتی گره‌وی برده‌وه‌ و هه‌ڵبژاردن دواده‌خرێت و له‌و واده‌یه‌ ناكرێت كه‌ یه‌كێتی و هاوئاوازه‌كانی گۆرانییان پێیدا هه‌ڵده‌وت، واته‌ هه‌موویان ڕادیۆیه‌كیان تۆمار كرد.

پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ك باش بزانن، كه‌ ئه‌وه‌ی له‌ كوردستان سیاسه‌ت ده‌كات و خاوه‌ن ئیراده‌ و گوتاری سیاسیی سه‌ربه‌خۆ و تایبه‌تی خۆیه‌تی ته‌نیا پارتییه‌ و ئه‌وانی تر جگه‌ له‌ پاشكۆی ئیراده‌ی ده‌ره‌كی و ئه‌جێندای نادیار و گوتاری چه‌واشه‌كار هیچی تریان پێ نیه‌ بۆ خه‌ڵكی كوردستان و سیاسه‌تیش له‌سه‌ر بنه‌مای كاردانه‌وه‌ له‌ دژی پارتی ده‌كه‌ن، بۆیه‌ هیچ كاتێك نه‌ به‌دیل بوون و نه‌ ده‌بنه‌ به‌دیل و نه‌ له‌ توانایاندایه‌ بۆ یه‌ك ڕۆژ ئه‌م نیشتمانه‌ به‌ڕێوه‌به‌رن.