ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا چۆن کرا؟

ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا چۆن کرا؟

بەهمەن کاک عەبدوڵڵا:

بە هەوڵ و کۆششی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، توانرا چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدۆزرێتەوە

دروست ساڵێک لەمەوبەر، چەند ڕێککەوتن و لێكتێگەشتنێك لەنێوان بەڕێز سەرۆک وەزیرانی عێراق محمد شیاع سودانی و بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان مسرور بارزانی هاتەکایەوە و هەر لەسەرەتاشەوە نیەتپاکی و ئامادەیی دەربڕا بۆ ڕێککەوتن.

بەڵام هەندێک هەوڵی تێکدەرانە و شۆڤینی و هەندێک خەڵکی ئەهریمەنی ناحەز بە ئارامی و خۆشگوزەرانی بونە رێگر لەبەردەم جێ بەجێکردنی ڕێککەوتنەکان و ئەمەش بوو بەهۆی دروستکردنی دۆخێکی نەخوازراو بۆ خەڵکی هەرێم و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بغداد

هەرچەندە ئەو هەوڵە شۆڤێنیانە لەو ماوەیەشدا زۆربوون بۆ تێکدانی ڕەوشەکە و پەیوەندیەکانی نێوان هەردوولا، بەڵام بەهۆی هەوڵ و کۆشش و ئیرادەی بەهێزی بەڕێزان محمد شیاع سودانی و مسرور بارزانی، سوپاس بۆ خوا توانرا چارەسەرێکی گونجاو بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدۆزرێتەوە و ببێتە سەرەتایەکی باش لەنێوان هەردوو حکومەت بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بغداد لە چوارچێوەی دەستووردا .

جێگەی خۆیەتی تەقدیری هەوڵەکانی هەردوو حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت، هەروەها هەموو ئەو لایەنانەی چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە کە هەستیان بە بەرپرسیارەتی کرد و پشتیوانبوون بۆ هێنانەدی ئەم ڕێککەوتنە کە لە بەرژەوەندی مووچەخۆرانی کوردستان و ئارامی ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستانە. هەنگاوێکی ئەرێنیە لەپەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بغداد.


ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە گفتوگۆ و نیەتی باش و لێکتێگەیشتن چارەسەری هەموو کێشەکانە و دەتوانێت زۆر ڕێککەوتنی باش لەنێوان هەردولادا بهێنێتە بوون، خوای گەورە پشتیوان بێت و سوپاس بۆ خۆراگری موچەخۆران و کاسبکارانی کوردستان کە پشودرێژانە بەرگەی فشارەکانیان گرت.