زکری مووسا لە وتارێکی دا بە ناونیشانی“ماندوونەناسی و نیازپاكی” نووسیویەتی:
چارەسەربوونی كێشەی مووچەخۆرانی هەرێم هەنگاوێكی گرنگی هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ بوو بۆ ڕەواندنەوەی نیگەرانییەكانی خەڵكی كوردستان و گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەنماف. لە ڕاستیدا چارەسەربوونی ئەو گرفتە دەستكەوتێكە بۆ كۆی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان و ڕێگەیەكە بۆ دروستبوونەوەی متمانە و كاری پێكەوەیی نێوان هەردوولا و ڕەگداكوتانی سەقامگیری لە سەرتاسەری عێراق.
ڕێككەوتنەكەی نێوان بەڕێزان سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ لەسەر چارەسەركردنی مووچەی فەرمانبەران و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان هەمان ئەو ڕێككەوتنەیە كە چەند ساڵ پێش لەنێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ مۆر كرابوو، بەڵام بەهۆی نانەوەی ئاستەنگ و كۆسپ لە لایەن خەڵكی شۆڤینی و داخلەدڵ تووشی كۆسپ بوویەوە و جێبەجێ نەكرا.
نەیارانی گەلی كوردستان ویستیان قووت و ژیانی خەڵكی كوردستان وەك چەكێك بۆ بێزاركردن و نائومێدكردنی خەڵك و لاوازكردنی هەرێمی كوردستان بەكار بهێنن. بەڵام ئەو كردەوە نابەجێیە جگە لەوەی پێشێلكردنی پڕەنسیپ و مافەكانی هاووڵاتی بوو لە هەمانكاتدا مانای (عێراق)ـیشی وەك دەوڵەت خستە ژێر پرسیاری گەورە. چۆن دەكرێ بە پاڵنەری شۆڤینیانە و بە بیانووی ناڕەوا و ڕقەوە قووتی ئەو هاووڵاتیانە كە لە چوارچێوەی دەوڵەتدا دەژیێن بكرێتە ئامانج و بۆ مەرامی سیاسی بەكار بهێنرێت ؟
چارەسەركردنی پرسی مووچە و قووتی خەڵكی كوردستان لە كاتی ئێستادا دەكرێ وەك سەركەوتنێك بۆ هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ سەیر بكرێت. ئەمە پێشان دەدات كە ڕێگەی گفتوگۆ و پشوودرێژی و گوێنەدان بە دەنگ و ئاوازی تێكدەر و حاقد و كاركردنی نیازپاكانە بۆ سەقامگیریی وڵات و مافی خەڵك، باشترین ڕێگەیە بۆ چارەسەركردنی گشت كێشەكان. دەكرێ بە پەرۆشی و پێداگری و ماندوونەناسی بەسەر كۆسپەكان و سوئی تەفاهوماتی نێوان هەردوولا زاڵ ببین و دەرئەنجامی دڵخۆشكەر بۆ خەڵك و سەقامگیری و پێكەوەژیان دەستبەر بكرێن، لە هەمانكاتیشدا شكست بۆ خەراپەكاران و ناحەزان بەدی بهێندرێت.
بەم ڕێككەوتنە و بە چارەسەربوونی كێشەی مووچەخۆرانی هەرێم، پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ دەكەونە قۆناغێكی گرنگی كاری پێكەوەیی و چارەسەربوونی كێشەكان و بەرپەرچدانەوەی قەیرانەكان. ئەمە دەرئەنجامی هەوڵ و دڵسۆزیی هەردوو بەڕێزان مەسروور بارزانی و محەمەد شیاع سودانی و ئەو لایەن و كەسایەتیانە (هەم لەناوخۆی كوردستان و هەمیش لە بەغدا) بوو كە هەستیان بە بەرپرسیارێتی كرد و یارمەتیدەر بوون بۆ ئەوەی هەردوولا بەسەر ئاستەنگ و نائومێدییەكاندا سەربكەون و لەپێناو خەڵك و لەپێناو هاووڵاتیان و بۆ جێگیركردنی مەفهوومی ڕاستەقینەی دەوڵەتداری ئەو ڕێككەوتنەیان گەیاندە ئەنجام و وڵاتیان لە قەیرانێكی گەورە ڕزگار كرد.