سەرۆک لیستی یەکێتی پێشتر بە تۆمەتی “تێوەگلان لە گەندەڵی” فەرمانی گرتنی بۆ دەركراوە
یەكێك بوو لەو سەركردانەی پێش رووداوەکانی ۸ی تەمووز لە لاهوور جەنگییەوە نزیك بوو.
بڕیاری دەستگیركردنەكە بەپێی ماددەی 15 لە یاسای دەستەی دەستپاکی دەركراوە
بەپێی سەرچاوەکان، سەرۆکی لیستی یەكێتی لە پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، پێشتر بە تۆمەتی “تێوەگلان لە گەندەڵی” فەرمانی گرتنی بۆ دەركراوە، بەڵام دوای ئەوەی وازی لە باڵەكەی لاهوور جەنگی هێناوە و چووەتە پاڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی ئێستای یەكێتی، تۆمەتەكانی گەندەڵییشی لەسەر لادراوە.
میدیاكانی سلێمانی بڵاویان كردەوە كە ئەو لیستەی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پێشكەشی كردووە، لە پارێزگای سلێمانیدا لە لایەن میران محەمەدەوە سەرۆكایەتی دەكرێت كە پێشتر ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بوو و یەكێك بوو لەو سەركردانەی پێش رووداوەکانی ۸ی تەمووز لە لاهوور جەنگییەوە نزیك بوو.
میران محەمەد پێشتر بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بووە. بەپێی بەدواداچوونی (باسنیوز)، لە 29ی تەمووزی 2021 و چەند ڕۆژێك دوای ڕووداوەكانی 8ی تەمووز، لە لایەن دادوەری دادگای لێکۆڵینەوە لە سلێمانی، فەرمانی دەستگیركردن بۆ میران محەمەد دەركراوە.
لەمبارەیەوە كەناڵی (كوردسات نیوز)ی یەكێتی بڵاوی كردووەتەوە كە بڕیاری دەستگیركردنەكە بەپێی ماددەی 15 لە یاسای دەستەی دەستپاکی دەركراوە، بە تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەی گەندەڵی و سپیکردنەوەی چەک و خەرجکردنی چەکی بەڵێندەران، کە شیاوی خەرجکردن نەبووە و چەکی بازاڕ بووە، کە بە نیوە قیمەت یان کەمتر لە بەهای خۆی کڕدراوەتەوە و دواتر بەنەختینەیی و بە پشتیوانیی میران محەمەد خەرج کراوە.
كەناڵەكەی یەكێتی جەختی كردووەتەوە: ”بەپێی یاسا، ئەم کارە بە تاوان ھەژمار دەکرێت و بەکارھێنانی دەسەڵات و پۆستە بۆ بەدەستھێنانی سوود و بەرژەوەندیی نایاسایی (کسب غیر مشروع).“
شایەنی باسە هۆكاری جووڵاندنی كەیسی دادگا لە دژی میران محەمەد، پەیوەندیی بەوەوە هەبووە كە میران محەمەد سەر بە لاهوور جەنگی بووە و بافڵ تاڵەبانی لە ڕێگەی دادگاوە فشاری لێ كردووە، هاوكاتیش لە پۆستە حزبییەكەی لە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لادراوە. پاش ئەوەیشی وازی لە لاهوور جەنگی هێناوە و چووەتە بەرەی بافڵ تاڵەبانی، سەرجەم تۆمەتەكانی لەسەر لاداوە.
لەمبارەیەوە ڕۆژی 4ی 11ی 2021 ماڵپەڕێکی لۆکاڵیی سەر بە باڵێکی یەکێتی لە سلێمانی بڵاوی كردووەتەوە كە میران محەمەد گەڕاوەتەوە بۆ مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و بەشداریی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی حزبەكەی كردووە.
جەختیشی كردووەتەوە، میران محەمەد ”بە گفتوگۆ و رێكکەوتن لەگەڵ بافڵ تاڵەبانى و مەکتەبى سیاسى، گەڕاوەتەوە بۆ مەکتەبى سیاسیی حزبەکەی.“
جێگەی باسە پاش ئەوەی میران محەمەد چووە ڕیزی باڵەكەی بافڵ تاڵەبانی، لە ناوەڕاستی مانگی 9ی 2021 بە فەرمی تۆمەتەكانی لەسەر هەڵگیرا. ئەوكات ئازاد رەشید محەمەد، پارێزەری میران محەمەد بانگەشەی ئەوەی كرد كە هیچ شتێك لەسەر بریكارەكەی نەسەلمێندراوە!
لەمبارەیەوە پارێزەرێک دەڵێت، دادگا هیچ ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی هۆكاری جووڵاندنی سكاڵا و دواتر هۆكاری هەڵگرتنی تۆمەتەكان لە دژی د. میران محەمەد نەخستووەتە ڕوو، لەوە دەچێت بەهۆی ئەوەی چووەتە باڵەكەی بافڵ تاڵەبانییەوە، ئیتر بەدواداچوونیش بۆ تۆمەتەكان نەكرابێت كە بەداخەوە نەدەبوایە وابێت.
جەختیشی كردەوە: ”سەرۆكایەتیكردنی لیستی حزبێك لە لایەن كەسێك كە پێشتر لە لایەن خودی حزبەكەی خۆیەوە تۆمەتی گەندەڵیی ئاراستە كراوە، مایەی گاڵتەجاڕییە و تەنیا حزبێك كە ئەم كارەی لێ بوەشێتەوە، ئەو حزبەیە كە كەسێكی وەك بافڵ تاڵەبانی سەرۆكایەتیی دەكات!“