ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دیدارێكیدا لەگەڵ رۆژنامەنووسان لەسەر چەند بابەتێکی تایبەت بە مووچە و بودجە و نەوت و کێشە داراییەکانی هەولێر و بەغدا قسەی کرد و ڕایگەیاند:
لە ٢٠١٢ەوە سیاسەتێك دەستی پێكراوە و لە ٢٠١٤ەوە دەستی پێكردووە و عاقیبەتەكەی بەمڕۆ گەیشتووە. بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بڕیار دراوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی عێراق بێت.
ئەوكاتەی لە دانوستاندا بووین لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراقی، پێداگریمان كردووە كە مافەكانمان وەكوو هاووڵاتییەكی عێراقی بێت.
لە ٤ی ٤ی ٢٠٢٤ لەسەر دەستی هەردوو سەرۆك وەزیران دوایین ڕێككەوتنمان كرد. بەڵام مانگێكی نەخایاند، حكومەتی قووڵ لە بەغدا لەو ڕێككەوتنە پەشیمان بۆوە.
كێشەی هەرێمی كوردستان لە ٢٠١٤ەوە لە ئیبداعێكی حكومەتی فیدڕاڵی دەستی پێكرد كە تاكلایەنە كردی و بریتی بوو لە قانونی ئینفاقی فیعلی، بە زارەكانی ئەو خەرجییانەیە كە بە فیعلی كراون، بەڵام راستییەكەی شتێكی ترە.
لە ٢٠١٤ە عەبادی هاتۆتە سەر حوكم، بینیویەتی لە هەرێمی كوردستان ٨٥ تا ٩٠٪ خەرجیی فیعلی خەرج دەكرێت، هاتوون بە ناوی دادپەروەریی گەشەپێدانی پارێزگاكان، ئەم بابەتی نەفەقاتی فیعلییەیان هێناوەتە پێشەوە تاوەكوو گەشەكردنی ئێمە بەزۆر ڕابگیرێت وەكوو پارێزگاكانی دیكەمان لێ بكرێت.
لە قانونی ئینفاقی فیعلی چەند زوڵمێكیان لە هەرێمی كوردستان كرد:
١- بەزۆر گەشەكردنی ئێمەیان راگرت. قسەكانی كاك نەوشیروان مستەفامان بینیوە كە بەزۆر نایانەوێت هەرێمی كوردستان پێش بكەوێت.
٢- بۆ ١٥ پارێزگاكەی عێراق خەرجیی فعلییان حیساب كردووە، ئەوەی ئێمەیان نەخستۆتە سەر ئەو ١٥ پارێزگایە و دواتر دابەشی ١٨ بكرێت،بەڵكوو ئێمەشیان لەگەڵ ١٥ەكە حیساب كردووە.
٣- بۆ ئێمە خەرجیی بەكارخستن و مووچەی فەرمانبەران و هەموو خەرجییەكانی دیكەیان خستە سەر نەفەقاتی فعلی، بەمەش لە جیاتی جارێك، سێ جار هەرێمی كوردستانیان لە قاڵب داوە.
ئینفاقی فیعلی بۆ وەبەرهێنان بووە، بەڵام لە كرداریدا لەسەر كۆی خەرجییەكانی هەرێمیان حیساب كرد، لەگەڵیشیدا ١٧٪كەیان كرد بە ١٢.٦٧٪.
بابەتی نەوت وەك قەمیسەكەی عوسمانی لێهاتووە، هەرچییەكیان كردووە بە نسبەت نەفەقاتی فیعلییەوە، بە بابەتی نەوتەكەیان بەستاوەتەوە.
مەنتیقی ژمارە پێمان دەڵێ ئەو زوڵمەی لە هەرێمی كوردستان كراوە، زوڵمێكی ڕوونە، لەم دواییە لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی و دەسەڵاتدارانی بەغداش كۆدەنگییەكی دروست كردووە، لەم سەردانەی ئەم دواییە كە كردمان بۆ بەغدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، لە دوایین گەڕی دانوستانمان لەسەر دوو شتی ئەساسی قسەمان كرد، یەكەم لەسەر هەمواركردنی یاسای بودجە و تیمی حكومەتی فیدڕاڵ پێش ئێمە گەیشتنە ئەو باوەڕەی كە قانونی ئینفاقی فیعلی كاری پێ ناكرێت.
لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتە قەرارێكی تازە هاتووە كە مامەڵەمان هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق بكرێت، پارەیەكیان بۆ ناردووین كۆمەڵگەكەمان دابەشی دوو دەكات. وەكوو ئەوە وایە لوغمێك لەنێو كۆمەڵگەكەمان بێت، نزیكەی ٣٠٠ تا ٣٦٠ هەزار كەسمان ناوی بۆ مووچە نەهاتۆتەوە. بەو ئەزموونەی هەمانە، حكومەتی فیدڕاڵی شتێكت لێ قەبووڵ كرد، لێت دەكات بە ئەمری واقیع.