ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، بۆ بازمیدیا:
وەزیری گواستنەوە و گەیاندن کە لە پێکهاتەی کلدانییەکانە رایدەگەیەنێت: “لەم قۆناغە هەستیارەی هەرێمی کوردستان هەیەتی، کوردێک سەرۆککۆمارە کە ناتوانێت دەسەڵاتەکانی بەکاربهێنێت بۆ رێگریکردن لە دژایەتییەکان و بڕیارەکان کە بەرامبەر گەلەکەی و هەرێم دەگیرێتەبەر، دەست لە کاربکشێنیتەوە لە پۆستەکەی زۆر باشترە”.
ئانۆ جەوهەر دەڵێت: “من کە بووم بە وەزیر و سوێندم بە کتێبی پیرۆز خوارد ئەوەی لە توانامدایە بۆ خزمەتی خەڵکەکەم و هەرێمەکەم پێشکەشی بکەم، بەڵام کە رێگەم پێنەدرا یان نەمتوانی ئەو خزمەتە بکەم ئەوا دەست لە کار دەکشێنمەوە، ئەگەر وام نەکرد کەواتە بێ ڕێزیم بەرامبەر سوێندەکەم کردووە، سەرۆککۆماریش کە سوێندی خواردووە بەهەمان شێوەیە”.
ئاماژەی بەوەدا، لە کاتی خۆپیشاندانی پێکهاتەکانی کلدان، سریان، ئاشوری و ئەرمەن و تورکمانەکان، ئێمە نووسراوێکمان ئاراستەی سەرۆککۆمار کرد، پێمان راگەیاند کە بە پێی مادەی 67ی دەستوور ئەرکی سەرۆککۆمارە پارێزەری دەستوور بێت، پێویستە ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات، چونکە دەستوور مینوویەک نییە هەر مادە و بڕگەیەک بیانەوێ جێبەجێی بکەن و ئەوانی دیکە ئیهمال بکەن، بەڵام تا ئێستا وەڵامی نووسراوەکەمان نەدراوەتەوە.
وەزیرەکەی هەرێمی کوردستان لە پێکهاتەی کلدانییەکان باس لەوە دەکات، کە دادگای بەناو فیدراڵی دادگایەکی نادەستوورییە و بڕیارەکانی هەمان بڕیارەکانی مجلیسی قیادەی سەرورەی بەعسە، دەیەوێت سیستیمی فیدراڵی لە عێراق هەڵوەشێنێتەوە، دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان نەهێڵێت.