نوێترین زانیاری لەسەر شەهیدبوونی سێ ئەندامی پاسەوانی سنوور بەهۆی تەقینەوەی بۆمب

ئەفسەرێکی پاسەوانی سنوور بۆ بازمیدیا:ئەم شەهیدانە ویستیان پێش مانگی ڕه‌مه‌زان کارەکانی ڕێکخستنی بۆمبەکان بکەن و مه‌شقه‌كانیان كۆتایی پێ بێنن بەڵام ئەم کارەساتەی لێ درووست بوو

بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 10ئاداری2024 پەیامنێری بازمیدیا ڕایگەیاند:بەهۆی تەقینەوەی مینێک لە بارەگای پاسەوانی سنوور لە (کانی قرژاڵە)ی سنووری شاری هەولێر چوار ئەندامی هێزەکە شەهید و برینداربوون.

هەر لەمبارەیەوە فەرماندەیی ناوچەی یەکی سنوور ڕایگەیاند“بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە دوو ئەندامی هێزەکانی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور، لە کاتی پووچەڵکردنەوەی چەند مینێکی سەردەمی جەنگی عێراق – ئێران، چەند مینێکیان پێدا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە دوو ئەندامیان شەهید بوون و دووی دیکەش بەسەختی برینداربوو ، دواتر یەکێک لە بریندارەکان شەهید بوو و ژمارەی شەهیدەکان بۆ سێ کەس بەرزبوویەوە.

بەپێی زانیارییەکانی بازمیدیا ڕووداوی تەقینەوەی مینەکان لە نێو بارەگای فەرماندەیی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور لە (کانی قرژاڵە)ـی هەولێر بووە و ئەو مینانەی تەقیونەتەوە پێشتر لە کێڵگە مینەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دوای پاککردنەوەی کێڵگەکان کۆکراونەتەوە و بۆ ئەوەی پووچەڵبکرێنەوە هێنراونەتەوە بارەگای سەرەکی فەرماندەییەکە بۆ ئەوەی دواتر لەناوببرێن.

ئەفسەرێکی هێزەکانی پاسەوانی سنوور بە بازمیدیای ڕاگەیاند:شەهیدەکان هه‌رسێكیان‌ نیشته‌جێی هه‌ولێرن، یه‌كێكیان خه‌ڵكی ئاكرێیه‌، ته‌مه‌نیان سه‌رووی 40 ساڵه‌ و هه‌رسێكیان هاوسه‌رگیرییان كردووه‌.گوتیشی: ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ كه‌تیبه‌ی ئه‌ندازه‌ بوون، كاریان هه‌ڵگرتنی بۆمب بووه‌ له‌ كاتی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ تیرۆریستانی داعش، رۆژانه‌ش له‌ باره‌گا سه‌رقاڵی هه‌ڵگرتن و ڕێكخستنی بۆمبه‌كانن، ئه‌مڕۆش ویستیان پێش مانگی ڕه‌مه‌زان ئه‌و كاره‌ بكه‌ن و مه‌شقه‌كان كۆتایی پێ بێنن، به‌ڵام ئه‌و كاره‌ساته‌ی لێ كه‌وته‌وه‌ ، هەر بەپێی زانیاریەکان ناوی شه‌هیده‌كان:رزگار مه‌جید، ڕێپێدراو، عه‌بدولكه‌ریم جه‌لال، مه‌سعوود خه‌لیل ، بڕیارە لە مەڕاسمێکی فەرمی دا تەرمەکانییان بە خاک بسپێردرێن.