کۆڵبەرێکی دیکە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران شەهیدکرا
ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردۆتەوە کەوا کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری تیکاب بە ناوی عەلی زەرغامی کە باوکی سێ منداڵە، لە کاتی کۆڵبەر و لە سنووری هەنگەژاڵی بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانی لەدەست داوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی کە بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو گەیشتووە: کاتژمێر 2ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی بانە تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و بەم هۆیەشەوە کۆڵبەرێک بە ناوی عەلی زەرغامی تەمەن 52 ساڵ کوژراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار کە بە ڕێکخراوەکەی ڕاگەیاندووە: ئەو کۆڵبەرە کراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران و پاش ئەوەی کە زگی پێکراوە، دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.
عەلی زەرغامی، خەڵکی گوندی ساریباغی سەر بە شاری تیکاب و دانیشتووی شاری سەقز بووە. هەروەها خێزاندار و باوکی سێ منداڵ بووە.
ڕێکخراوی هەنگاو ئاماری مانگێکی شەهیدبوون و برینداربووانی کۆلبەرەکانیشی ڕاگەیاندووە و دەڵێت: بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی فێبریوەری 2024دا لانی کەم 4 کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی کوردستان گیانیان لەدەست داوە و 63 کۆڵبەریش برینداربوون.