*سەرۆکی حکومەت لەگەڵ ژمارەیەک لە دامەزراوە و پەیمانگەی سیاسەت و هزر و لێکۆڵینەوەی ئەمەریکی کۆدەبێتەوە*
ئەمڕۆ سێشەممە 2/27 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مێزگردێکی تایبەتدا لە واشنتن ، لەگەڵ نوێنەرانی ژمارەیەک لە ناوەند و دامەزراوە و پەیمانگەی سیاسەت وهزر ولێکۆڵینەوەی ئەمەریکی (ثينك تانك ) کۆبووەوە.
لە مێزگردەکەدا ، سەرۆکی حکومەت تیشکی خستە سەر دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە .
سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە، کە عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییە و پێویستە ڕێز لە دەستوور و بنەماکانی دیموکراسی و فیدراڵی بگیرێت و وەکو قەوارەیەکی دەستووری و فیدراڵی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت . ئاماژەشی بەوە دا کە خەڵکی کوردستان قوربانییەکی زۆری لە پێناو مافە ڕەوا و دەستوورییەکانی داوە و ئامادە نییە لە ژێر هیچ فشارێکدا دەستبەرداری مافەکانی ببێت.
سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان دەیەوێت لەسەر بنەمای دەستوور، کێشەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ چارەسەر بکات ، لەمبارەیەوە ئاماژەی بە گرنگیی دابینکردنی شایستە داراییەکان و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمیی و دەستوورییەکانی حکومەتی هەرێم کرد. هەروەها باسی لە پێویستیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم دا.
لە بەشێکی دیکەی مێزگردەکەدا ، سەرۆکی حکومەت باسی لە دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و گرنگیی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 و ڕێککەوتننامەی شنگال کرد.
لە کۆتاییدا سەرۆکی حکومەت، وەڵامی پرسیار و سەرنج و تێبینیەکانی ئامادەبووانی دایەوە.