پرسی هێرشەكەی ئێران بۆ سەر هەولێر بردرایە بارەگای گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان

پرسی هێرشەكەی ئێران بۆ سەر هەولێر بردرایە بارەگای گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان

ڕۆژی چوارشەممە، بە بانگهێشتێكی فەرمی د. شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق گەیشتە نیۆرك بۆ بەشداری كردن لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی وڵاتان كە لەلایەن كۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان سەرپەرشتی دەكرێت.

شاخەوان عەبدوڵا كە سەرۆكی شاندی عێراقە لە بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ـی شوباتی 2024 لەبارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان لە بەشێكی وتارەكەی باسی لە هێرشەكەی ئێران بۆ سەر هەولێر كرد كە بەهۆیەوە هاووڵاتی سڤیل و لەناویشیاندا منداڵی یەك ساڵ شەهید بوون.

لە بەشێكی وتەكانیدا شاخەوان عەبدوڵڵا لە بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتاندا رایگەیاند، هەڵكشانی ئاستی کێشمەکێش و جەنگە سەربازییەکان و پشێوویەکان لەم ساڵانەی دوایدا، بووەتە مایەی دڵەڕاوکێیەکی گەورە و مەترسیەکی راستەقینە لەسەر ئایندەی گەلان و سەقامگیری وڵاتان.

جێگری سەرۆكی پەرلەمان ڕاشیگەیاند، ئێمە پێویستمان بە رۆڵێکی زیاتر و وەڵامدانەوەیەکی چالاکتر و ئەرێنی هەیە لەنێوان پەرلەمانەکان، وەک دامەزراوەیەکی دەستووری کە رەوایەتی یاسایی هەیە، لە دەرکردنی بڕیارەکان و پەسەندکردنی ئەو پرۆتکۆلانەی کە پێوەندییە نێودەوڵەتیەکان و چونەپاڵ رێککەوتنەکان رێکدەخات، کە هێزی ئەنجامدانی گرێبەستی هاوبەشی سیاسی، ئابووری و سەربازی دەبەخشێتە حکوومەتەکان لەنێوان وڵاتە هاوکارەکاندا.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەرنجی وڵاتانی راكێشا لەبارەی هێرشەكەی ئێران بۆ سەر هەولێر و گوتی: بەردەوامیی دڵەڕاوکێی عێراق شاراوە نییە لاتان، بەهۆی بەردەوامی پێشێلکارییەکانی هەندێک لە وڵاتانی دراوسێ لەسەر سەروەری نیشتمانی، کە دواینیان بۆردوومانی ئێرانی بوو بە مووشەکی بالیستی بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق و شەهید کردنی ژمارەیەک لە هاوڵاتی سڤیلی بێتاوان.

شاخەوان عەبدوڵڵا ئەوەشی خستەڕوو، ئاسایشی نێودەوڵەتی بەهێز نابێت، بێ پابەندبوون بە ڕێساکان و مەرجی رێککەوتنەکان، لەسەر بنەمای رێزگرتن لە یاسای نێودەوڵەتی و رێگرتن لە پێشێلکاری و دەستدرێژیەکان، کە سنوورەکانمان دەگرێتەوەو دەگاتە ناو قوڵایی خاکەکەمان، بەبێ هیچ پاساوێک.

شاخەوان عەبدوڵڵا داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی پەرلەمانی نێودەوڵەتی كرد، بەرپرسیارێتی خۆی پیادە بکات، لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەڵەتی و وەستان لەپاڵ عێراق و رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی دوژمنکاریە سەربازییەکان، بەوپێیەی لەکاتی بەردەوامبوونیدا، دۆخەکە ئاڵۆز دەکات و رووبەرێکی فراوانتر بۆ قەیران و ململانێکان دەخووڵقێنێ.