میدیایەکی عێراقی: رەیان كلدانی بە كوشتنی ژنە پزیشكێكی پسپۆڕی جوانكاری تۆمەتبارە

میدیایەکی عێراقی:

رەیان كلدانی بە كوشتنی ژنە پزیشكێكی پسپۆڕی جوانكاری تۆمەتبارە

”پێش مردنی، لە ماڵی كلدانی بووە و بڕێكی زۆر ماددەی هۆشبەری پێ دراوە“

میدیایەكی عێراقی، سەرۆكی میلیشیای بابلیونی سەر بە حەشدی شەعبی كە یەكێكیشە لە داواكراوانی لیستی رەش لە ئەمریكا، بەوە تۆمەتبار دەكات كە ژنە پزیشكێكی پسپۆڕی جوانكاری بە پێدانی بڕێكی زۆری ماددەی هۆشبەر كوشتووە.

كەناڵی (وەن نیوز)ی عێراقی لە هەواڵێكدا بڵاوی كردەوە، زانیاریی نوێ لەبارەی كوشتنی رەفیف یاسری، خانمە پزیشكی بواری جوانكاری ئاشكرا بووە و بەم هۆیەوە داوا كراوە سەرلەنوێ لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكەی دەست پێ بكاتەوە.

رەفیف یاسری، خانمە پسپۆرێكی بەناوبانگی جوانکاری بوو لە شاری بەغدا و لە میدیاكانیشدا ناوبانگی هەبووە، لە مانگی ئابی 2018 بەهۆی پێدانی بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەر، گیانی لەدەست دا.

میدیا عێراقییەكە ئاماژەشی بەوە داوە كە لێكۆڵەرەوەكان پاش دۆزینەوەی زانیاری و بەڵگە تازەكان، داوایان كردووە سەرلەنوێ لێكۆڵینەوە لە كەیسەكەدا بكرێت و تۆمەتباری سەرەكیی كوشتنی ئەو خانمە پزیشكە ئاشكرا بكرێت. چونكە بۆیان دەركەوتووە كە دەستگیركردنی دوو كەس و دادگاییكردنی كەسێكیان بە تۆمەتی كوشتنی رەفیف یاسری، بۆ شاردنەوەی بكوژە راستەقینەكەی بووە.

ئەو كەناڵە عێراقییە دەڵێت: ”رەیان كلدانی، فەرماندەی میلیشیای بابلیون لە كوشتنی ئەو خانمە پزیشكە تێوە گلاوە، چونكە لە لێكۆڵینەوەكاندا دەركەوتووە رەفیف یاسری پێش گیانلەدەستدانی، لەگەڵ رەیان كلدانی بووە و لە ئەنجامی پێدانی بڕێكی زۆر لە ماددەی هۆشبەر كە خوێنی ژەهراوی كردووە، گیانی لەدەست داوە.“

كەناڵەكە دەڵێت: ”تەنانەت ئەو كەسانەش ناسراونەتەوە كە رەفیف یاسرییان گەیاندووەتە نەخۆشخانەی (شێخ زاید) دوو كەس بوون كە لە لایەن رەیان كلدانی كاریان كردووە.“

شایەنی باسە، تا ئێستا رەیان كلدانی كە یەكێك لە داواكراوانی لیستی رەش لە ئەمریكا، وەڵامی ئەو كەناڵەی نەداوەتەوە.