یوسف كیلابی دۆسیەیەكی گەورەی گەندەڵی و هەڕەشەی كاری تیرۆریستی لێ ئاشكرا بوو

یوسف كیلابی بە دۆسیەی تیرۆر و بەرتیل و خیانەت تۆمەتبار دەكرێ و داوا دەكرێ كۆتایی بە پەرلەمانتارییەكەی بهێندرێت

”بەڵێنی هەڵڕشتنی پارە و هەڕەشەی كوشتنی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگایەك كردووە“

بەپێی هەواڵێكی میدیاكانی عێراق، یوسف كیلابی، پەرلەمانتاری شۆڤێنیی عێراق، هەڕەشەی كوشتنی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای واست كردووە و هاوكات بەڵێنی ئەوەشی پێداون كە ئەگەر بیكەن بە پارێزگار، ئەوا ئامادەیە 15 ملیار دینار بەرتیل بدات.

پێگەی (سۆمەڕیە نیوز) لە هەواڵێكدا ناوەڕۆكی سكاڵایەكی محەمەد جەمیل مەیاحی، پارێزگاری واستی بڵاو كردەوە كە ئاراستەی فەرمانگەی داواكاری گشتیی عێراقی كردووە و تێیدا ئاشكرای كردووە، یوسف كیلابی، پەرلەمانتاری عێراق پەیوەندیی راستەوخۆی بە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای واستەوە كردووە و پێشنیازی پێدانی پارەیەكی زۆری بۆ كردوون لەپێناو وازهێنانیان لە فراكسیۆنەكانیان و چوونە پاڵ فراكسیۆنەكەی ئەو.

پارێزگاری واست ڕوونی كردۆتەوە كە یوسف كیلابی هەڕەشەی لە هەندێك ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاكە كردووە بەوەی كە ئەگەر نەچنە پاڵی، ئەوا دەكوژرێن یان دەكرێنە ئامانجی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان. جگە لەوەی هەڕەشەی هەڕەشەی ئەوەشی لێكردوون كە ئەگەر بە گوێی نەكەن، ئەوا دۆسیەیان لە دادگا بۆ دەكاتەوە، بە تایبەتیش دۆسیەی گەندەڵی.