دیداری شفا بارزانی لەگەڵ رەوەندی کوردستانی لە دیترۆیت
لە درێژەی گەشتەکەیدا بۆ ئەمریکا، شفا بارزانی سەرپەرشتیكاری رەوەندی کوردستانی، لە شاری دیترۆیت؛ لە ولایەتی میشیگان، لەگەڵ رەوەندی کوردستانی کۆبوویەوە.
لە دەسپێکی ئەو دیدارەدا ئۆمێد جاف چالاکڤان و کەسایەتی دیاری شارەکە، بە ناوی ئامادەبووانەوە بە گەرمی بەخێرهاتنی شفا بارزانی و وەڤدی هاورێی کرد.
دواتر شفا بارزانی سڵاوى سەرۆک بارزانی گەیاندە ئامادەبووان، هەروەها بە وردی لەسەر کارو پرۆژەکانی کۆنفێدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی قسەی کرد، بەرنامەئ کار و ئامانجەکانی رێکخستن و یەکخستنی کوردستانییانی لە دەرەوەی بازنەی حیزبایەتی شیکردەوە.
سەرپەرشتیکاری رەوەندی کوردستانی داوای لە ئامادەبووان کرد وێرای هەوڵدان بۆ تێکەڵ بوون لەگەڵ کۆمەڵگای ئەمریکیدا، هاوکات پێویستە ئەوان بایەخ بە پاراستنی شوناس و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بدەن.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەی دا شفا بارزانی بە پێداگرییەوە باسی لەوە کرد چاویان لەوەیە لەگەڵ هەموو ئەو کەس و لایەنانە هاوکاری بکەن لە باوەڕیان بە ئاڵای کوردستان و مافی دیاری کردنی چارەنووس بۆ خەڵکی کوردستان هەیە و پێشمەرگەیان وەک سیمبولی بەرخودان و پارێزگاری کوردستان قبول بێت.
لە بڕگەی کۆتایی ئەو دیدارەدا، درگای دیالۆگ بۆ ئامادەبووان کرایەوە، پاش قسە و باسێکی تێروتەسەل بڕیاردرا ناوەندی دیترۆیتی ڕەوەندی کوردستانی دابمەزرێندرێت، ئەوە بوو لە کەشێکی دیموکراتییانەدا پێنج کوردستانی پارچە جیاوازەکانی کوردستان وەک کۆمیتەی بەڕێوەبەری ناوەند هاتنە هەڵبژاردن.
بۆ نانی ئێوارەش بەڕێز سەرپەرشتیکاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی و وەفدی هاوڕێی بەیاوەری ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی دیترۆیت میوانی کەسایەتی کلدانی و کوردستانی نیشتیمانپەروەر ڕەعد تلکێفی بوون.
باز میدیا
میشیگان – دیترۆیت
وڵایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا