بە ئامادەبوونی بەڕێز شفا بارزانی سەرپەرشتیکاری گشتی ڕەوەندی کوردستان، لە شاری ناشڤیلی ویلایەتی تێنسی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاوی کوردستانیانی هەرچوار پارچە، کۆبوونەوەیەکی جەماوەری بەڕێوەچوو.
لە بەردەوامی سەردانەکانیدا بەڕێز سەرپەرشتیکاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی بۆ ئەو وڵاتانەی دیاسپۆرای کوردستانی لێ نیشتەجێن، ماوەی هەفتەیەکە بە یاوەری وەفدێکی نوسینگەی دیاسپۆرا لە شاری ناشڤیلن، کە بە کوردستانی بچوک ناسراوە.
لە درێژەی کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنەکانی ڕۆژی ٤ی٢ی٢٠٢٤ لە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی جەماوەریدا بەڕێز سەرپەرشتیکاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی لە وتارێکدا باسی لە پڕۆژەی جەنابی سەرۆک بارزانی و ئامانجەکانی بۆ یەکخستنی ڕەوەندی کوردستانی لە دیاسپۆرا کرد.
لە بەشێکی وتارەکەیدا باسی لە هێرشەکەی رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد بۆ سەر هەرێمی کوردستان کە بەهۆیەوە بزنسمانی کورد پێشڕەو دزەیی و منداڵە ١١ مانگیەکەی بەناوی ژینا شەهید بوون، هەروەها باسی لە تاوانە بەردەوامەکانی ئەو رژێمە لە کوشتن و لە سێدارەدانی لاوانی کورد کرد، داوای لە ئامادەبووان کرد ڕۆڵی خۆیان ببینن بۆ گەیاندنی دەنگی مەزلومیەتی کورد بە ڕایەدارانی ئەمریکا.
لەبارەی گرنگی پێگەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، کاک شفا بارزانی ڕایگەیاند: سەرەڕای هەموو تێبینییە مێژوویەکانمان لەسەر ئەمریکا، ئەمریکا دۆستی نزیکی کوردستانە و پێویستییمان بە بوون و مانەوەی ئەمریکا هەیە لە عێراقدا بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان لە دەستدرێژییەکانی دەوڵەتانی دراوسێ، بۆیە ڕووی داواکاری کردە کوردستانیان بۆ ئەوەی هەموو هەوڵێک بدەن دۆستایەتی نێوان ئەمریکا و کوردستان پتەوتر بکەن و نێردەی کوردستان بن بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیە دۆستایەتیەکانیان.
لە کۆبوونەوەکە بیر و ڕا ئاڵوگۆکران لە نێوان ئامادەبووان، بەڵێندانیان بۆ سەرخستنی پڕۆژەی جەنابی سەرۆک بارزانی بۆ یەکخستنی کوردستانییان لەژێر چەترێکی نیشتیمانی و کوردستانی یەکگرتوو کۆبوونەوەکە دەرەنجامێکی باشی هەبوو بە سەرکەوتووی کۆتایی هات.
باز میدیا
ناشڤیل/ تێنسی