ڕێنمایی … ئاگاداری پەیوەندییەکانتان بن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان
ماوەیەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) و
(ئینستاگرام)، كۆمەڵێك کەسی لەیاسادەرچوو لە هەردوو ڕەگەزی (پیاو) و (ئافرەت) كە زۆرینەیان لە نەتەوەی عەرەبن و بە شێوەی گرووپ کار دەکەن، خەڵکی چەند وڵاتێکی عەرەبیی جیاوازن و هەندێکیان نیشتەجێی شارەکانی خوارووی عێراقن، نامە دەنێرن و خۆیان دەکەنە هاوڕێی خەڵك، دواتر سەرنجی خەڵكی ڕادەکێشن و کامیرایان بۆ دەکەنەوە و بە شێوەیەكی نەشیاو خۆیان نیشانی بەرامبەرەكانیان دەدەن، لەم ڕێگەیەشەوە ڤیدیۆی كەسانی قوربانی تۆمار دەکەن و دواتر هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەكان دەکەن.
كۆی پرۆسەكە بەم شێوەیەیە:
سەرەتا پێش ئەوەی قسە لەگەڵ بەرامبەرەكەیان بکەن، لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەی برادەری كەسەكەن یان خزم و کەسوکارین، لە فەیسبووک یان انستگرام، خۆیان دەکەنە هاوڕێ. پاشان ئەو گرتە ڤیدۆییەی تۆماریان کردووە ڕەوانی دەکەن بۆ سەرجەم هاوڕێ و خزمەکانی قوربانییەكە یان لە بەرامبەر بڵاو نەکردنەوەی گرتە ڤیدۆیەکان، داوای پارەی لێ دەکەن کە شێوازی پارەدانەکەش بە ڕێگای دراوە ئەلیکترۆنییەکان دەبێت، بۆ ئەوەی ب ەئاسانی ناسنامەکانیان ئاشکرا نەبێت!
بۆیە داوا دەکەین ئاگاداری پەیوەندییەكانتان بن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و متمانە بە کەسێک مەکەن کە نازانن کێیە و بۆچی مەبەستێک پەیوەندیی پێتانەوە كردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر
٢٠٢٤/٠٢/٠٣