پارێزگاى هەولێر لە بارى بڕیارى دابەزاندنى نرخى نان لە سەموونخانە و نانەواخانەکان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

ڕوونکردنەوەیەک لە پارێزگاى هەولێرەوە لە بارى بڕیارى دابەزاندنى نرخى نان لە سەموونخانە و نانەواخانەکان

دوابەدواى فەرمانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە پێناو بەرژەوەندى گشتیى بە تایبەتى چینى هەژار و کەمدەرامەتان و یەکخستنى نرخى نان لە سەرجەم پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان، کە (10) نان و سەموون بکرێت بە (1 هەزار دینار)، لە چوارچێوەى جێبەجێکردنى بڕیارەکە و پابەندکردنى سەرجەم سەموونخان و نانەواخانەکان، ڕۆژى یەکشەممە 2024.1.7، لە قائیمقامیەتى ناوەندى هەولێر بە سەرپەرشتى قائیمقام و ئامادەبوونى بەڕێوەبەرى گشتیى بازرگانى هەرێم و بەڕێوەبەرى چاودێرى دارایی هەولێر و نوێنەرى سەندیکاى کرێکاران و ئەنجومەنى نانەواخانە و خاوەنى بەشێک لە سەموونخانە و نانەواخانەکان کە نوێنەرایەتى نزیکە (1800) نانەواخانە و سەموونخانەى شارى هەولێریان دەکرد کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا وەک پاڵپشتى و هاوکارییەک بۆ نانەواخانە و سەموونخانەکان، لەمەودوا نرخى هەر لیترێک غاز 50% داشکاندنى بۆ بکرێت و لەڕێگەى لیژنەیەکەوە کە لە قائیمقامیەت و چاودێرى بازرگانى و نوێنەرى خاوەن نانەواخانەکان پێکهاتووە، بەپێى پێویست ڕۆژانە بە زیادەوە بە بڕى (300 دینار) بۆ هەر لیترێک غازیان بۆ دابین بکرێت، کە خۆیان پێشتر بە (600 دینار) بۆ هەرلیترێک غازیان کڕیووە، ئەوە جگە لە دابینکردنى ئارد بۆیان بە نرخى (30 هەزار دینار) بۆ هەر فەردەیەک و لەگەڵ کڕینى هەر تەنێک ئارد فەردەیەک ئاردیان بە خۆڕایى پێبدرێت و لەپێدانى کارەباش پاڵپشتیان بکرێت، هەر ئەمڕۆش تەواوى ئەم بڕیارانە چوونە بوارى جێبەجێکردنەوە و هەموو لایەکیش ڕەزامەندى و پابەندبوونى خۆیان بەبڕیارەکە ڕاگەیاندووە، لە هەولێر نرخى هەر (10) نان و سەموونێک بە (1 هەزار دینار) بێت.

لێرەوە بە پێویستى دەزانى بۆ ڕاى گشتیى و هاوڵاتییانى خۆشەویستى شارەکەمان ڕوونى بکەینەوە وەکو پارێزگاى هەولێر و حکومەتى هەرێمى کوردستان هەموو هەوڵێکمان بۆ ڕەخساندنى دەرفەتى کار و زەمینەسازیی بووە بۆ کار و کەسابەتى کاسبکاران و لەو پێناوەشدا هەرچى لە تواناماندابووبێت بۆ خزمەتکردنى چینى کاسبکارى شارەکەمان کردوومانە و دەیکەین، ئەوەشمان بە ئەرکى سەرشانى خۆمانى زانییوە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەدا پاراستنى بەرژەوەندى گشتی، بەتایبەتى چینى هەژار و کەمدەرامەت لە سەرووى هەموو شتێکەوەیە، ئەوەى ئەمڕۆش ڕوویدا، کە هەندێک کەس بەناوى خاوەن سەموونخانە و نانەواخانە گردبوونەوە و ناڕەزایەتیان ئەنجامدا لە بەرامبەر بریارەکە، جگە لە مەرام و مەبەست بۆ شێواندنى بارودۆخەکە هیچی تر نەبوو، بەڵگەش بۆ ئەوە هەندێک لەوانەى لە نێو گردبوونەوەکەدا بوون بە دوور و نزیک پەیوەندیان بە سەموونخانە و نانەواخانەکان نەبووە و ئاگادارى ئەو بڕیار و پاڵپشتى و هاوکاریانەش نەبوونە کە بۆ خاوەن سەموونخانە و نانەواخانەکان کراوە، جارێکى تر جەخت لەوە دەکەینەوە لە شارى هەولێر نرخى هەر (10) نان و سەموون بە (1 هەزار دینار) و هەر سەموونخانەیەک و نانەواخانەیەکیش پابەندى بڕیارەکە نەبێت ڕووبەڕووى ڕێکارى یاسایی دەبێتەوە.

پارێزگاى هەولێر
2024.1.8