مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی لە پێگەی تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (ئێكس) بڵاو كردەوە و ڕایگەیاندووە: “نیگەرانیی قووڵی خۆمان بەرامبەر هێرشە تیرۆریستییەکەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر بارەگایەکی پێشمەرگە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر دەردەبڕین، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشی هێزەکانی دەرەوەی یاسا و هاوکارەکانیان دەکەم.”
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەشڵێت: “ئێمە باش لەو یارییانە تێدەگەین کە کەسانی لەیاسادەرچوو لە پشتیانەوەن، مافی ئەوەشمان هەیە بەرگری لە گەلەکەمان بکەین.”
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش داوە: “پێویستە حکوومەتی فیدراڵ هەر هێرشێک بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە هێرش بۆ سەر هەموو عێراق ببینێت و هەڵوێستی جددی هەبێت و بە کردەوە وەڵام بداتەوە، چونکە بێ هەڵوێستی، میلیشاکان زیاتر هان دەدات بۆ دەستدرێژی، ئەوان پارە و چەکی دەوڵەت بەکار دەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان و ناسەقامگیرکردنی هەموو وڵات و دروستکردنی شەڕ و ناکۆکی لە وڵاتێکدا، کە خوێنڕشتنی زۆری بەخۆیەوە دیتووە.”
مەسرور بارزانی داوا لە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات: “بە کردەوە ڕێکاری پێویست بگرێتە بەر بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانە و سزادانی گرووپەکان و کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی بۆ هێرش بەکار دەهێنرێن.”