مەسرور بارزانی: لە کابینەی نۆیەم رێژەی بەشداریی ئافرەتان لە پلە باڵاکانی حکومەتدا زیادیکردووە

مەسرور بارزانی: لە کابینەی نۆیەم رێژەی بەشداریی ئافرەتان لە پلە باڵاکانی حکومەتدا زیادیکردووە

بە بەشداریی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ نۆیەمین کۆنگرەی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەدەچێت و،  بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت ، تێدا سەرۆکی حکومەت گوتارێکی پێشکەش کرد

دەقی گوتاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەڕێزان، ئەندامانی کۆنگرەی نۆیەمی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، میوانانی بەڕێز؛ بەبۆنەی بەستنی کۆنگرەی نۆیەمی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان گەرمترین پیرۆزباییتان لێ دەکەم و هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنگرەکەتان دەخوازم. ئومێدەوارم بڕیار و راسپاردەکانی کۆنگرەکەتان ببێتە مایەی زیاتر بەرەوپێشچوونی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و خزمەتکردنی گەلەکەمان.

یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان مێژوویەکی پڕ لە سەروەری و شانازی هەیە لە قۆناغە جیاوازەکانی خەباتی رزگاریی خوازی گەلی کوردستان؛ یەکێتیی ئافرەتان و ئافرەتانی کوردستان بە گشتی، هەمیشە پشتیوانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بوون و لە ریزی پێشەوەی بەرگریکردن لە مافە رەواکانی گەلی کوردستان بوون.

رێز و پێزانینێکی زۆرم بۆ هەموو ئەو ئافرەتە تێکۆشەرانەی کوردستان و بەتایبەتی سەرکردە خەباتکارەکانی پێشوو و ئێستای یەكێتیی ئافرەتانی کوردستان هەیە و، خەبات و تێکۆشانیان لە پێناو مافەکانی ئافرەتانی کوردستان بەرز دەنرخێنین.

لە مێژووی گەلی کوردستاندا ئافرەتان هەمیشە رۆڵێکی گرنگ و پێشەنگیان هەبووە. بۆ نموونە لە راپەرین و شۆڕشەکانی گەلی کوردستان ئافرەتان نموونەیەکی دیاری ئازایەتی، نیشتمانپەروەری و قوربانیدان بوون و، شان بە شانی برا، باوک و ئەندامانی دیکەی خێزانەکانیان لە سەنگەری پێشەوەی خزمەتکردن، گیان بەختکردن و پارێزگاریکردن لە خاک و نیشتمان بوون.

لە دوای راپەرینی 1991 ئافرەتانی کوردستان؛ رۆڵێکی کارایان لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستاندا هەبووە و هەیە. توانیویانە بە لێهاتوویی خۆیان رۆڵی کاریگەریی خۆیان لە کایە جۆراوجۆرەکاندا بسەلمێنن. ئەمڕۆ بەرزبوونەوەی ئاست و رێژەی بەشداریی ئافرەتانی کوردستان لە بەڕێوەبردن و حکومرانیدا ئاماژەیەکی روونە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامانجی باشترکردنی دۆخی ئافرەتان و بەهێزترکردنی پێگەیانە لە کۆمەڵگەدا. لێرەدا جێی خۆیەتی هەر بۆ نموونە ئاماژە بەوە بدەین، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا رێژەی بەشداریی ئافرەتان لە پلە باڵاکانی حکومەتدا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.

هیوادارم یەكێتیی ئافرەتانی کوردستان لەم کۆنگرەیەدا هەڵسەنگاندنێکی باش و بابەتییانە بۆ کار و چالاکییەکانی لە ماوەی رابردوودا بکات و، سەرئەنجام نەخشەرێگە، پلان و بەرنامەی توکمە بۆ قۆناغی داهاتوو دابرێژێت و بۆ زیاتر بەرەوپێشبردن و پێشخستنی خەباتی رێکخراوی خۆی و بەدیهێنانی ئامانجەکانی لەپێناو زیاتر خزمەتکردنی ئافرەتانی کوردستان بۆ سوود وەرگرتن لە پێشکەوتنی خێرای تەکنەلۆژیا لەم سەردەمەدا.

داواکارم یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان رۆڵی پێشەنگی خۆیان بگێڕن بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی نیشتمانپەروەر و ئاشتیخواز و ژینگەپارێز و کارامە بۆ پاراستنی ئەزموون و دەستکەوتەکانمان و پێشخستنی زیاتری وڵاتەکەمان.

دەمەوێت جارێکی دیکە سوپاسی سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، د. ڤیان سلێمان و هەموو سکرتێر و سەرکردایەتیی پێشووتری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان بکەم و، پێتان بڵێین ئێمە رێز و پێزانینێکی زۆرمان بۆ خەبات و تێکۆشانی ئێوە هەبووە و هەروەها داوای بەردەوامبوون و سەرکەوتن بۆ ئەندام و کادران و تێکۆشەرانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان هەیە و هیوارام لە کۆتایی ئەم کۆنگرەیە، سەرکردایەتییەکی پتەو، زیرەک، خەباتکەر و تێکۆشەر هەڵبژێرن بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوامی بە بەم رێگە پیرۆزە بدەن و لە ئاستی داخوازییەکانی ئافرەتانی کوردستان بن.

جاریکی سوپاستان دەکەم و هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنگرەکەتان دەخوازام و هیوادارم هەمیشە لە گەشەکردن و پێشکەوتندابن. ئێوە هەر سەلامەت و سەرکەوتووبن و کوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.