موقەدەم شاخەوان محەمەد: چەند منداڵێک لە سنوورەکەمان فرۆشراون

موقەدەم شاخەوان محەمەد: چەند منداڵێک لە سنوورەکەمان فرۆشراون

بەڕێوەبەری نووسینگەی بەرەنگاربونەوەی تاوانە رێکخراوەکان لە ئیدارەی گەرمیان لەم چاوپێکەوتنەی “بازمیدیا” دا باس لە چۆنییەتی بازرگانیکردن بە منداڵانی بچووک لە سنوورەکەی دەکات، هەروەها ئەو ماددە یاسایانەی بۆ سزادانی کەسانی تاوانبار لەم کەیسانە دەخاتە روو.

بازمیدیا:
باس لەوە دەکرێت کە ئێوە ژن و پیاوێکتان بە تۆمەتی فرۆشتنی منداڵەکانی دەستگیر کردووە، ئایا ئەمە راستە؟

موقەدەم شاخەوان محەمەد: دایک و باوکێک منداڵی خۆیان بە بڕی یەک ملیۆن دینار بە ماڵێک فرۆشتووە، دوای هەفتەیەک رۆشتوون منداڵەکەیان لێ وەرگرتوونەتەوە و پارەکەشیان بۆ نەگەڕاندونەتەوە، جارێکی دیکە منداڵەکەی خۆیان بە ماڵێکی دیکە بە بڕی یەک ملیۆن دینار فرۆشتووەتەوە، واتە ژن و پیاوەکە دوو جار منداڵەکەی خۆیان بە دوو خێزانی جیا فرۆشتووە.

بازمیدیا:
ئایا جگە لەم منداڵە منداڵی دیکەیان هەبووە و فرۆشتبێتیان؟

موقەدەم شاخەوان محەمەد: بەڵێ، پێشتر دوو منداڵی دیکەیان هەبووە و فرۆشتوویانە، یەک لەوان بە هەزار دۆلار، ئەوی دیکەیان بە هەزار و 500 دۆلار.

بازمیدیا:
تەمەن و رەگەزی منداڵەکان چین؟

موقەدەم شاخەوان محەمەد: ئەم حاڵەتی ئێمە پيمانزانی منداڵێکی تەمەن 3 مانگی کچە، منداڵەکانی دیکەش یەکێکیان کوڕە و ئەوی دیکەیان کچە، کاتێک تەمەنیان 11 مانگ و ساڵێک بووە بە دوو خێزانی جیایان فرۆشتوون کە منداڵیان نەبووە.

بازمیدیا:
چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم کەیسە دەکەن؟

موقەدەم شاخەوان محەمەد: کڕین و فرۆشتن بە مرۆڤ بە پێی یاسا تاوانە، بۆیە ئەم دایک و باوکە بەندکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

بازمیدیا:
بەپێی چ یاسایەک مامەڵە لەگەڵ ئەو دایک و باوکە دەکرێ؟

موقەدەم شاخەوان محەمەد: بە پێی ماددەی (5)ی نەهێشتنی بازرگانی کردن بە مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ ئەم ژن و پیاوە دەکرێت.

بازمیدیا:
ئێستا ئەو سێ منداڵە لە کوێن؟

موقەدەم شاخەوان محەمەد: ئێمە ئەو خێزانانەمان بانگکرد و دادوەر منداڵەکانی بینی، ئێستا دۆسیەکە لەلای حاکمە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە و هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە، بۆیە منداڵەکان جارێ لای ئەو دایک و باوکانەن کە کڕیویانن، رەنگە منداڵەکان لای ئەوان دابنەن، چونکە دایک و باوکە راستەقینەکانیان جارێ بەند کراون و زەحمەتە ئازاد بکرێن و رەنگە حوکم بدرێن.

بازمیدیا:
ئەو منداڵانە چ گرنتییەک هەیە کە ژیانیان لای ئەو خێزانانەی کڕیویانن پارێزراوە؟

موقەدەم شاخەوان محەمەد: ئیفادەی ئەو ژن و پیاوانەه وەک دایک و باوکی نوێی منداڵەکانن و کڕیویانن وەرمانگرت، ئەوانە خۆیان منداڵیان نابێت، ئەم منداڵانەیان کڕیوە بۆ ئەوەی وەک منداڵی خۆیان بەخێوی بکەن و ناسنامەیان لەسەر ناوی خحتان بۆ دەرکردوون.

بازمیدیا:
ئەم منداڵانە تازە فرۆشراون یان کۆنە؟

موقەدەم شاخەوان محەمەد: منداڵێکیان ٥ ساڵە فرۆشراوە، منداڵێکی دیکەیان 4 ساڵە فرۆشراوە، منداڵێکیان ئەمساڵ فرۆشراوە، ئەمەی لە کۆتایدا فرۆشراوە رووداوەکەی ئاشکرا کرد.

بازمیدیا:
شوێنی نیشتەجێبوونی ئەم ژن و پیاوەی منداڵەکانیان فرۆشتووە لە کوێیە؟

موقەدەم شاخەوان محەمەد: دانیشتووی ناحییەی رزگاری سەربە قەزای کەلارن، دایک و باوکەکە کوردن و خەڵکی ئەسڵی مەنتقەکەشن.

بازمیدیا:
لە لێکۆڵینەوەکاندا باسی هۆکاری فرۆشتنی منداڵەکانیان کردووە؟

موقەدەم شاخەوان محەمەد: خۆیان دەڵێن باری دارایماب خراپ بووە، بەڵام هەموو حاڵەتێکدا ناکرێت هەر خێزانێک باری دارایی خراپ بێت و منداڵەکانی بفرۆشێت.

بازمیدیا:
ئایا پێشتر حاڵەتی وا لە سنووری ئیدارەی گەرمیان تۆمار کراوە؟ هیچ کەیسی ترتان هەیە؟

موقەدەم شاخەوان محەمەد: حاڵەتی دیکەمان نەبووە، ئەگەر هەشبووبێ پێمان نەزانیوە، ئەمە یەکەم حاڵەتە هاتبێتە لای ئێمە.

بازمیدیا:
ئەو دایک و باوکەی بازرگانیان بە منداڵەکانیان کردووە تەمەنیان چەندە؟

موقەدەم شاخەوان محەمەد: تەمەنیان لە نێوان 30 تا 35 ساڵ دەبێت