ئەندامێکی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی: ئەوانەی دەستیان لە خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر هەیە، سزای سێدارەدانیان بۆ رەوایە

ئەندامێکی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی: ئەوانەی دەستیان لە خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر هەیە، سزای سێدارەدانیان بۆ رەوایە

ئەندامێکی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی لەبەرەی ناڕازییەکانی گەرمیان بە (بازمیدیا)ی راگەیاند؛ ١٦ی ئۆکتۆبەر خیانەتێکە بەشێوەیەکی نوێ، واتە ئەمجارە هێزێکی چەکدار خۆی فەرمووی لە دوژمن و داگیرکەر کرد و سەنگەرەکانی پێشەوەی بۆ چۆڵکرد، هەروەها خاک و جوگرافیای کوردستانی رادەست کرد، ئەمە مۆدێلێکی نوێ بوو، کاتێک واژۆ بۆ رادەستکردنەوەی کەرکووک دەکرا من لەوێ بووم، ئەو کاتە بافڵ تاڵەبانی پەیوەندی کرد و گوتی شتێکی وا هەیە و دەقی نووسراوەکەی خوێندەوە، دواتر بۆی ناردین، بەڵام ئەو کاتە تەنیا ٧ ئەندامی سەرکردایەتی کە خۆیان ئامادەبوون واژۆی نووسراوەکەیان کرد، سەکردایەتی و مەکتەب سیاسییەکانی دیکە بە تەلەفون قسەیان لەگەڵ کرا و ئەمان خۆیان لە بری ئەوانە واژۆی ئەوانیان بۆ رادەستکردنی کەرکووک کرد.

ئەندامەکەی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت: ئەوانەی بە پلەی یەک لەگەڵ رادەستکردنەوەی کەرکووک بوون جگە لە بافڵ تاڵەبانی کە سەرۆکایەتی ئەو بابەتەی دەکرد، باڵی کەرکووکییەکان بوون کە پێکهاتبوون لە ئاسۆ مامەند، رەوەندی مەلا مەحمود، حەمەسور دووشوانی، خالید شوانی، وەستا رەسوڵ، ئەمانە لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراقەوە لە ناوچەکەدا زۆر سوودمەند بوون لە دامودەزگاکانی یەکێتی و بۆ دزی و تاڵانی و داگیرکردنی زەوی و زار و مافیاگەرای، بەم خیانەتە دەیانتوانی ئەو مەلەفانەی لەسەریان دروست بووە ونیان بکەن، بۆیە بە هەموو توانایانەوە لەگەڵ خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر بوون، تا مەلەفەکانیان دابخرێت و لەناو بچێت.

ئەو سەرکردەی یەکێتی لەبارەی وەستا رەسوڵ فەرماندەی میحوەری چواری باشور کە بە کەی وەن ناودەبرێت، بە (بازمیدیا)ی راگەیاند: وەستا رەسوڵ کەی وەنی تاڵان کردبوو، ئەو ئالیەتە سەربازیانە و چەک و جبەخانەکانی تاڵان کردبوو، بۆ ئەوەی لە داهاتوو لێپرسینەوەی لەگەڵ نەکرێت و مەلەفەکانی بزرببێت بۆ ئەو دەرفەتێکی باش بوو ١٦ی ئۆکتۆبەر، بۆیە سەرلەبەیانی رۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەر میحوەری چۆلکرد و رای کرد.

ئەندامەکەی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی زیاتر گوتیشی: لە یاسای سەربازی هە وڵاتێکدا شتێکی ستاندارد هەیە، کاتێک فەرماندەیەکی سەربازی کە بۆ بەرگری لە خاک و نیشتمان و شەرەفی وڵاتەکەی ئەرکی پێ دەدرێت، بەڵام ژێر بەژێر جاسوسی دەکات و دەست لەگەڵ دوژمن تێکەڵ دەکات، یان هەڵدەگەڕێتەوە، سزاکەیان لە سێدارەدانە، ئەو فەرماندە سەربازیانەی کە لە ١٦ی ئۆکتۆبەر تێوەگلاون من پێموایە دەبێت سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا بسەپێت، ئەو بەرپرسە بالایانەی یەکێتیش کە لەم بابەتە رۆڵی گەورەیان هەبووە دەبێت سزاکەیان لە لەسێدارەدان قورستربێت.

لە درێژەی قسەکانی دا، رایگەیاند: ئەوەی برینی خەڵکی کەرکووک و ناوچە کوردستانیەکانی قوڵتر کردووە، مانەوەی یەکێتییە و بەرپرسە گەندەڵەکان و خیانەتکارەکانیەتی لە شارەکەدا، ئێستا کوردایەتییان پێ دەفرۆشنەوە، لە کاتێکدا خاکیان فرپشت و کەرکووکیان رادەستی عەرەبێکی شۆڤێنی و سەپێنرا کرد، لەگەڵ ئەوەشدا دەستیان لەگەڵ تێکەڵکردووە و کۆمپانیاکانی یەکێتی بە هەماهەنگی راکان جبووری لە کەرکووک بەردەوامن لە تاڵانکاری و گەندەڵی و کاری نابەجێ بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بافڵ و حزبە بەناو نوێیە مافیاکەی.