برایەکی هاوکار جاف: بافڵ تاڵەبانی کەرکووکی رادەستی حەشد و قاسم سلێمانی کرد
دوای تێپەڕینی شەش ساڵ بەسەر رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و داگیرکردنی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان، بە دەست کیسەی گرووپێک لەنێو یەکێتی، هێشتا لێکەوتەکانی ئەو رووداوانە چ لە تەعریب، ماڵوێرانی و داگیرکاری لەو ناوچانە بەردەوامە.
لەوبارەیەوە محەمەد جاف، برای شەهید هاوکار جاف بە(بازمیدیا)ی راگەیاند: ئەو گرووپە هیچ پەیوەندییەکیان بە یەکێتییەوە نییە و کۆمەڵێک مافیان بەناوی یەکێتی نوێ مامەڵە دەکەن، بەرپرسی رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ بافڵ تاڵەبانییە، چونکە ئەوەی لە سلێمانی کۆبوونەوەی لەگەڵ قاسم سلێمانی کرد و کەرکووکی رادەستکرد هەر بافڵ بوو، ئەوەشی دانی بە رادەستکردنی نا و لە شاشەی تیڤییەکانەوە کاغەزێکی بە واژۆی ٣٨ ئەندامی سەرکردایەتییەوە بەرزکردەوە و وتی بە کۆی دەنگ هاوڕابووین بێ شەڕ کەرکووک رادەست بکەین هەر بافڵ بوو، بۆیە ئۆباڵی هەموو ئەو رووداوانە لە ئەستۆی ئەوە.
محەمەد جاف ئاماژەی بەوەدا: بەڵگەکان روون و دیارن کە بکەرانی رووداوەکان کێن و چین، هیچ بیانوویەک هەڵناگرێت، ئەو رووداوانە کاریگەریان لەسەر پێگە و جەماوەری یەکێتیش دروست کرد، تەنیانەت کودەتاش کرا و ئەم مافیایانە دەستیان بەسەر یەکێتی دا گرت، کادرە دڵسۆز و خەباتگێرەکانیان دوورخستەوە، بەشێک لە کەسە دڵسۆزەکانی خۆشیان تیرۆرکرد.
سەبارەت بەو بیانوانەی کە ئێستا میدیاکانی یەکێتی لەسەر داگیرکردن و رادەستکردنی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە بڵاوی دەکەنەوە. محەمەد جاف دەڵێت: شتێک بەناوی یەکێتی و یەکێتی نوێ نییە، چونکە ئێستا حزبەکە قەتیسکراوە و لەلایەن کۆمەڵێک مافیاوە دەستی بەسەرداگیراوە، ئیدی میدیاکانی ژێر هەژمونیان چی بڵێم دەبێت بۆ بەرژەوەندی ئەوان بێت.