مەسرور بارزانی: هەژماری من ئاسانکاری زۆر دەکات بۆ پێدانی مووچە

مەسرور بارزانی: هەژماری من ئاسانکاری زۆر دەکات بۆ پێدانی مووچە
مەسرور بارزانی پرۆسەی تۆمارکردنی “هەژماری من”ی لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بەسەرکردەوە.
دەقی گوتاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەڕێزان ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەم بڕیاری ئەوەمانداوە، کە بەرنامەی هەژماری من دروستبکەین بۆ ئاسانکاریکردنی پێدانی مووچە بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، دواتر بۆ هەموو کەرتی تایبەتیش ئەمە بگرێتەوە، کە بێگومان ئاسانکارییەکی زۆر دەکات بۆ پێدانی مووچە و ئەو خزمەتگوزارییە بانکییانەی کە هەموو هاووڵاتییان دەتوانن سوودی لێ ببینن.
ئەم پڕۆژەیە لە چەندین قۆناغ پێکدێت. قۆناغی یەکەم لە سەرەتاوە بۆ تاقیکردنەوە بوو کە لە نەخۆشخانەیەکەوە دەستمانپێکرد پێش چەند مانگێک و تاکو ئێستا بە ئەو پڕۆژەیە بەسەرکەوتوویی بەردەوامە. دوای ئەمە قۆناغی دووەم ئەوە بووە، کە بە فەرمی ئێستا ئێمە رایدەگەیەنین، کە پڕۆسەی هەژماری من بکەوێتە کار، کە لە 3ـی ئەیلوولەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا 65 هەزار کەس تۆمارکراون، خەریکە ئێمە لێرەوە سەردانی یەکێک لە بنکەکان دەکەین کە چۆن تۆماری فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت، ئێمە ئومێدمان وایە کە کەمتر لە دوو ساڵ هەموو فەرمانبەرانی کەرتی گشتی بگرێتەوە. لە هەمان کاتدا هەوڵی ئەوەشمان داوە کە لەگەڵ بانکەکانیش رێکبکەوین کەرتی تایبەتیش بخرێتە ئەم پڕۆسەیەوە.
ئێستا لە هەولێر دەستپێدەکەن، بەڵام لە ماوەیەکی زوو لە دهۆک و سلێمانیش دیسان ئەو پڕۆسەیە دەکەوێتە کار کە هیوادارین هەموو فەرمانبەران هەروەکو باسمکرد لە کەمتر لە دوو ساڵ بتوانن سوودمەندبن لەو پڕۆسەیە. تاوەکو ئێستا سێ بانکی هەرێمی کوردستان بەشدارن و هەندێک بانکی تریش لە گفتوگۆدان لەگەڵ حکومەتی هەرێم بۆ ئەوەی بتوانن بەشداری لەم پڕۆسەیەدا بکەن. ئەمە سوودێکی زۆر بۆ بانکەکانیش دەهێنێت و بێگومان فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان یان خەڵکی تریش لە کەرتی تایبەت دەتوانن سوودمەندبن هەر وەک باسم کرد.
لە ماوەیەکی نزیکدا ئەوانەی کە تۆماردەکرێن کارتیان پێ دەدرێت لەلایەن بانکەکانەوە بۆ ئەوەی بتوانن سوود لە بانکەکانی خۆیان وەربگرن، بەڵام ئەوەی کارتیشی هەیە پێویستە شوێنێک هەبێت کارتەکەی بخوێنێتەوە. لەبەرئەوە ئێمە بەرنامەی حکومەتیشمان ئەوەیە کە لەگەڵ هەموو ئەو شوێنانەی کە پێویستە هەم رێگەی ATMـە بۆ ڕاکێشانی پارە یانیش خوێندنەوەی ئامرازی خوێندنەوەی کارتی فەرمانبەرانە هی مووچەخۆرانە ئەوانەی خاوەن کارتی بانکین بتوانن بەشێوەی کارت نەک بە شێوەی کاش ئیش و کاری خۆیان پێ ڕاپەرێنن.
ئەمە ئاسانکارییەکی زۆر دەکات لە كڕین و مامەڵەی رۆژانە بۆ هاووڵاتییان، بەڵام لەهەمان کاتدا یارمەتیدەرێکی زۆریش دەبێت بۆ رێگریکردن لە گەندەڵی و سپیکردنەوە و پێدانی مووچەش لەکاتی خۆی و ئینشائەڵڵا ئەم کێشەیە ئیتر بە شێوەیەکی بنەڕەتی تەواوبێت.