د.ڕێبین سۆفی
بەرپرسی پێشوی مەڵبەندی کۆیە و سۆرانی یەکێتی:
بەداخەوە ئەمجارەش سەرچاوەی هەڵەکاریەکە هەمان ئەو پێوانە چەوتەی جارانە، بگرە بە شێوەیەکی خراپتر گیراوەتە بەر، هەم لە دیاری کردن و دانانی ئەندامەکانی و هەم لەو تەشکیلاتانەی کە دەیانەوێ لە سەرکردایەتی تازەدا دایبهێنن. ئەم هۆکارە، وای لە بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و سەرکردایەتی و کادری دێرین کرد، ئامادەی ئەو جۆرە کۆنگرەیە نەبن کە پێش وەختە بڕیار لەسەر مەسەلە گرنگەکانی دراوە. هەندێکیش، هەر بانگهێشت نەکراون وەك ئەوەی هەر نەبن. بەمشێوەیە، سیاسەتی پەراوێز خستنی تێکۆشەرە راستەقینەکان، بەتایبەتی ئەوانەی لە هەموو سەردەمێکدا هەوێنی یەکێتی بوون، لەلایەن دەسەڵاتی تاكرەوەوە بە بەرنامە جێبەجێ دەکرێت! بەمپێیە، یەکێتی دوای ئەمجۆرە کۆنگرەیە بەدڵنیاییەوە هی هەمووان نابێت. لەڕاستیدا، لەوەها حەلەتێکدا خاوەنی ڕاستەقینەی دەبێتە بێگانە. لەلایەکی تر، ئەوانەی، دەکرێنە دەرەوەی یەکێتی ناچار دەبن یان بە یەکجاری لە یەکێتی و حزبایەتی دووربکەونەوە یان لە تەشکیلاتێکی تازەتر و ناوێکیتردا خۆیان ڕێکبخەنەوە. دیارە، لە هەردوو حالەت دا یەکێتی زەرەرمەند دەبێ. بەهەرحاڵ، ئەگەر کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی بەو هەڵەکاریە بەڕێوە بچێ دڵنیام لێکەوتەکانی ئەرێنی نابن.