هەرێم شێرە، کادیری پێشکەوتووی یەکێتی:دژی ئەنجامدانی ئەم كۆنگرەین لێرەوە لەگەڵتان نابین و بە تەواوی لەگەڵتان دادەبڕێین٠
وا بریارە ڕۆژی چوارشەممە یەكێتی كۆنگرەی پێنجەم ببەستێت، کۆنگرەیەک كە بە تەواوی لەگەڵ کۆنگرەكانی ڕابردووی حزبەکە جیاواز! لەم کۆنگرەیە لە بری ئەوەی کار بۆ یەکگرتنەوەی ئاراستە و بیرورا جیاوازەکانی ناو حزبەکە بكرێت کەچی بە پێچەوانەوە ئامانجی كۆنگرەكە تەسفیەکردنی هەموو ئەوانەن كە ڕای جیاوازیان هەیەو ئامادە نین بۆ هەموو شتێك بڵێن (بەڵێ) ،لەم کۆنگرەیە لە بری ئەوەی هەوڵ بدرێت حزبەکە ببێت بە حزبێکی مۆدێرن و لەگەڵ خواست و ویستی هاوڵاتیانی ئەم سەردەمەی ئێستا بگونجێت و حیزبێك بێت هی هەمووان بێت کەچی حزبەکە دەکەن بە حزبێکی بنەماڵەیی کلاسیکی تەقلیدی .
ڕوون و ئاشکرایە ،کۆنگرەکە دەبێتە هۆی لە دەستدانی کۆدەنگی لە ناو یەکێتی جگە لەمەش دەبێتە هەوێنی دروستبوونی چەند لێستێکی تر لە ناو یەکێتی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا. بۆیە بە بڕوای من حەقە ناوی کۆنگرەکە بکەن بە کۆنگرەی دابڕان، دابرانی یەکێتی لە مێژووی خۆی لە جەماوەرەکەی لە خوێنی شەهیدانی لە پێشمەرگە دێرینەكانی لە شۆڕشگێڕانی٠٠
وەك چۆن هەموو كات دژی ئەم بریار و بۆچوونانە بووینە كە بە میزاجی شەخسی و دوور لە یاساو پەیرەوی حزبی دەدران، ئاواش دژی ئەنجامدانی ئەم كۆنگرەین لێرەوە لەگەڵتان نابین و بە تەواوی لەگەڵتان دادەبڕێین٠