ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر باسکردنی گەندەڵی لە مەرزی پەروێزخان لەلایەن ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکرا

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر باسکردنی گەندەڵی لە مەرزی پەروێزخان لەلایەن ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکرا

کاوە لەتیف، پارێزەری کەریم عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە (بازمیدیا)ی راگەیاند؛ کەریم عەلی لەسەر سکاڵای وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە دەستگیرکراوە.

گوتیشی؛ سکاڵاکەی وەزارەتی دارایی لەسەر ئەوەیە کە کاک کەریم لە کەناڵێکی ئاسمانی باسی لەوە کردووە کە کاری نایاسایی و گەندەڵی لە مەرزی پەروێزخان هەیە، بەتایبەت کە لەماوەکانی رابردوو لێژنەیەکی بەدواداچونی عێراقی سەردانی مەرزی پەروێزخانیان کرد، هەموو تەنکەرە نەوتەکان کە بە قاچاخ بار دەبەن دووریانخستبونەوە و بۆ شوێنێکی دیکە گوازرابوونەوە، ئەمەش بەبەڵگە و بەدواداچون و قسەی شۆفێری تەنکەرەکان کاک کەریم قسەی لەسەر کردبوو، هەر خۆشی گوتی کە بەو هەموو بەڵگانە بابەتەکە پشتراست دەکەمەوە.

ئەوەشی باسکرد، کە وەزارەتی دارایی لەگەڵ مەرزی پەروێزخان ئەم بابەتەیان بە تەشیر و ناوزڕاندن بۆ خۆیان زانیوە، بەناوی وەزارەتی دارایی سکاڵایان دژی کاک کەریم تۆمارکردوە.

ئەو پاريزەرە دەڵێت؛ لەلایەن دادوەری دادگای لێکۆڵینەوە کە ئیشی پۆلیسە، بەڵام دۆسیەکەی لای ئاسایشە، پێشتر فەرمانی گرتنی هەبوو، بەڵام ئەمڕۆ خۆی خۆی رادەست کرد، ئێمە لەسبەیەوە هەوڵدەدەین بە کەفالەت ئازادی بکەین.