بڕیار لەسەر ناردنی پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەدرێت

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر پێشنیازی ناردنی پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەدات

ئەمڕۆ یەکشەممە 17/9/2023، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی کۆدەبێتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر پێشنیازی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات سەبارەت بە ناردنی پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

لە ڕۆژی 14ی ئەیلوولی 2023، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەردانی بەغدایان کرد، لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان و فراکسیۆنە کوردستانییەکان کۆبوونەوە.

شاندی باڵای هەرێم، پێشنیازی کردووە لە مانگەکانی نیوەی کۆتایی ئەمساڵ حکومەتی عێراق مانگانە بڕی 800 ملیار دینار بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت. هەروەها پێشنیازی هەموارکردنەوەی چەند بڕگەیەکی یاسای بودجە تایبەت بە پشکی هەرێم خستووەتەڕوو، لەنێویاندا مادده‌كانی 12 و 13.

لە کۆتایی سەردانەکەشدا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی‌ سه‌ردانی شاندی هه‌رێم بۆ به‌غدا و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌تی فیدڕاڵ و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان رایگه‌یاند، سەردانەکەیان بۆ داكۆكیكردن بوو له‌ ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هاوكات سوپاسی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانی كرد بۆ ئه‌و یه‌كڕیزییه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان نیشانیاندا.
راشیگەیاند، دوو پێشنیازیان خستووه‌ته‌ڕوو، كه‌ یه‌كێكیان درێژخایه‌نه‌ و ئه‌وی دیكه‌یان كورتخایه‌نه‌، پێشنیازه‌ درێژخایه‌نه‌كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ یاسای بودجه‌ و هه‌مواری به‌شێك له‌ مادده‌ و بڕگه‌كانی، كه‌ ئه‌مه‌ كاتی زۆرتری پێویسته‌ و له‌ داهاتوودا قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.

روونیشیكرده‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ چاره‌سه‌ر یان پێشنیازه‌ كورتخایه‌نه‌كه‌، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 17ـی ئه‌یلوولی 2023، له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقه‌وه‌ بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌درێت.