هیچ گرێبەستێکی کشتوکاڵی بۆ عەرەبی هاوردە نوێ ناکرێتەوە
بریاری ژمارە 29ی ساڵی 2012، کە تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانی لیژنەی کاروباری باکوور لەسەر زەوی و زاری جووتیارانی کورد و تورکمان لە کەرکووک چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەمەش هیچ گرێبەستێک بۆ عەرەبی هاوردە نوێ ناکرێتەوە.
فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک داوا لە جووتیاران دەکات، سەردانی هۆبەی کشتوکاڵ بکەن تاوەکو خاوەندارێتی زەوییەکانیان بۆ بگەڕێتەوە. ئەگەر ئەم بڕیارەش وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت 900 هەزار دۆنم زەوی دەگەڕێتەوە بۆ جووتیاران کە لە سەردەمی رژێمی بەعس بە گرێبەست درابوون بە عەرەبی هاوردە.
ئەو زەویانە بە (اطفاء) واتا کوژاوە دادەنرێن، فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک لە سنووری تۆپزاوە، گرێبەستی کەرتی 15 و 18ی لە گوندی بڵاوە لەسەر عەرەبی هاوردە هەڵوەشاندووەتەوە و ئەگەر بڕیارەکەش وەکوخۆی جێبەجێکرێت 900 هەزار دۆنم زەوی بۆ جووتیارانی کورد و تورکمان دەگەڕێتەوە.