ئەمڕۆ لەگەڵ بەرێز قوباد تاڵەبانی و شاندی یاوەرم لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی لە بەغدا کۆبووینەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

ئەمڕۆ لەگەڵ بەرێز قوباد تاڵەبانی و شاندی یاوەرم لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا کۆبووینەوە. لەکۆبوونەوەکەدا جەختم لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و رێککەوتنەکان کردەوە.
دووپاتمکردەوە، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران تێکەڵی ململانێ سیاسییەکان نەکرێن، پێویستە بە زووترین کات ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چیدیکە بۆ وەرگرتنی مافەکانیان لە چاوەڕوانیدا نەبن. هەروەها بیری هەموولایەکمان خستەوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووەو هەمان چاوەڕوانیمان لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ هەیە.
بەڕێز سوودانیش ئامادەیی خۆی نیشاندایەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و یاساکان و جەختی لەوە کردەوە، کە بە هەموو لایەک هەوڵبدرێت بۆ دابینکردنی پشتیوانیی سیاسی لەپێناو دۆزینەوەی هەرچی زووتری چارەسەرە بۆ گشت کێشەکان.

بە بڕوای ئێمە عێراق خاوەن سەرمایەیەکی گەورەی مرۆیی و سرووشتییە و بە رەخساندنی کەشێکی لەبار و بەڕێوەبردنێکی باش، هەموو عێراق بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتووتر و گەشەسەندووتر هەنگاو دەنێت.