د.مەحمود عوسمان بۆ بازمیدیا؛ سیاسییەکانی عێراق بروایان بە فیدراڵی و مافەکانی کوردستان نییە

د.مەحمود عوسمان بۆ بازمیدیا؛ سیاسییەکانی عێراق بروایان بە فیدراڵی و مافەکانی کوردستان نییە
مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی کوردستان و جێگرەکەی و ژمارەیەک لە وەزیرەکان، سبەی پێنجشەممە ١٤ی٩ی٢٠٢٣ بریارە سەردانی بەغدا بکەن، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
د.مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کوردستان، لەمبارەیەوە بە (بازمیدیا)ی راگەیاند؛ هەر لەسەرەتاوە دیاربوو کە لەلایەن عێراقەوە کێشەکان بە سیاسی کراوە، ئەم سەردانەی سەرۆک وەزیران و جێگرەکەی و وەزیرەکان لە مستەوای سیاسییە و زۆرباشترە، دەیانەوێ بەشێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەری کێشەکان بکەن.
ئەو سیاسەتمەدارە دەڵێت؛ ئەمانە (لایەنی عێراقیەکان) بڕوایان بە فیدراڵی نییە، بڕوایان بە مافەکانی کورد و داواکارییەکانی نییە، بڕوایان بە مادەی ١٤٠ نییە، بڕوایان بە پرسی پێشمەرگە نیە، تەنانەت دەستووری هەمیشەیی عێراق کە مافەکانی کوردی تێدایە، ئەوانە دەیانەوێ دەستکاری بکەن و مافەکانی کوردی تێدا کەم بکەنەوە.
د.مەحمود عوسمان بە (بازمیدیا)ی گوت؛ سیاسییەکانی عێراق تەنیا بڕوایان بە حکومەتێکی ناوەندی (مەرکەز)ی بەهێز هەیە، کە دەسەڵاتی بەسەر هەموو لایەک هەبێت و هەرێمی کوردستانیش وەک پارێزگایەک مامەڵەی لەگەڵ بکات، لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە ٢٠٠٣ تا ئێستا ناکۆکییە سیاسییەکانی عێراق بەرامبەر هەرێم هەر لەسەر ئەمەیە.
جەختیکردەوە لە یەکگرتووی و یەک دەنگی و یەک هەڵوێستی کرد، لایەنی عێراقی کەمتر پێمان دەوێرن، پێویستە کورد خەریکی کێشەکانی بێت و لە دەرەوە لۆبی بۆ بەهێزکردنی خۆی لەنێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات.