زێدان برادۆستی بۆ بازمیدیا: ئەوانەی تا دوێنێ داوای رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتیان دەکرد، ئێستا روویان نییە بێنە سەر شاشەکان
زێدان برادۆستی، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە (بازمیدیا)ی راگەیاند؛ پێشتر خۆفرۆشان داوایان دەکرد، کە داهاتی نەوتی و نانەوتی رادەستی بەغدا بکرێت، وایان لە خەڵک دەگەیاند بەو جۆرە سەرجەم کێشە و گرفتەکان چارەسەر دەبێت، لە مانگی سێی ئەمساڵەوە نەوت رادەست دەکرێ، عێراق پابەندی رێککەوتن و یاسای بوودجە نەبووە، زەرەرێکی زۆری لە هەرێمی کوردستان داوە، پێشتریش حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەی لەمبارەیەوە بڵاوکردەوە، کە عێراق پابەندی پێدانی ئیستحقاقاتەکانی هەرێم لە بوودجە نییە کە هەر خۆی پەسەندی کردووە.
هاوکات گوتیشی؛ لە دەستپێکی کابینەی نۆ دا، خۆفرۆشان دەنگیان بڵند بوو دەهاتنە سەر شاشەکان و دەیانگوت بۆ ئەوەی کابینەکە خزمەت بەخەڵک بکات و سەرکەوتووبێت لە پێدانی مووچەی فەرمانبەران، باشترین چارەسەر رادەستکردنی نەوتە بە بەغدا و بەو جۆرەش بەبێ گرفت مووچە دێت، بەڵام ئێستا نە رووی ئەوەیان هەیە بێنە سەرشاشەکان و بە خەڵک بڵێن حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی داوە و نەوت و داهاتەکانی دیکەی رادەستکردووە، لە پێناو خەڵکی کوردستان، نە رووی ئەوەیان هەیە دەنگ هەڵبڕن وەک پێشتر قسە بکەن.
لە راستیدا ئەو خەڵکانەی داوای رادەستکردنی داهاتەکان و نەوتیان بۆ بەغدا دەکرد، بۆ خزمەتکردنی کوردستانیان نەبووە، ئەوان تەنیا ویستیان شکۆی ئابووری کوردستان بشکێنن و بوون بە دەستی دەرەکی لە نێو کوردستاندا، ئێستا بۆ خەڵک روونبووەتەوە ئەو کەسانە ویست و مەرامیان ئەوەبووە کە کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان تووشی مەلەل بکەن و نەتوانێت مووچە بۆ فەرمانبەرانی دابین بکات، ئەمەش پیلانی نەیارانی کورد و ناوخۆی عێراق بوو کە جێبەجێیان کرد و بانگەشەیان بۆ دەکرد.
ئەوەشی خستە روو کە ئەو کەسانە ئێستا بە رادەستکردنی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان بە بەغدا دڵخۆشن، چونکە لەبەرامبەردا عێراق هیچ پابەندییەکی نییە، بۆیە هاونیشتمانیانمان دەبێ بەو کەسانە بڵێن کوا هەڵوێستتان و بۆ بە بەغدا ناڵێن پابەندی ناردنی ئیستحقاقاتی هەرێم بێت؟، ئەوەی ئێستا لە عێراق دەگوزەرێ پلانێکی شۆڤێنی و شەڕانگێزییە.