ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە.

ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە.
ماوەی چەند ڕۆژێکە لە چەند کەناڵ و دەزگایەکی ڕاگەیاندن هەواڵێک لەزاری سەرچاوەیەک لەوەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە کە وەزارەتی دارایی عێراق پێشنیاری ناردنی ٥٩٨ ملیار دیناری وەک قەرز بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام حکومەتی هەرێم ڕەتی کردۆتەوە ئەو بڕەپارەیە وەربگرێت.
بۆ ڕای گشتی و سەرجەم میدیاکانی ڕوون دەکەینەوە؛
١- ئێمە لە وەزارەتی دارایی بەرپرس نین لە هیچ زانیاری و لێدوانێک بەناوی سەرچاوەی نادیار بڵاو بکرێتەوە، هەر لێدوان و زانیاریەک لەپەیجی فەڕمی خۆمان بڵاو نەکرێتەوە جێی متمانەو باوەڕ نییە.
٢- بەهیچ جۆرێک لەلایەن تیمی تەکنیکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە ئاگادار نەکراوینەوە لەبوونی پێشنیارێکی لەو جۆرە تا ڕەتکرابێتەوە.
٣-وەک وەزارەتی دارایی پابەندی خۆمان بەجێبەجێکردنی سەرجەم ماددەو بڕگەکانی یاسای گشتی بودجەی عێراق دوپات دەکەینەوە و هیوادارین حکومەتی عێراقیش یاساکە وەک خۆی جێبەجێ بکات.
٤- هەرکات بڕیاری ناردنی هەر بڕە پارەیەک لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان دراو خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان، بەشێوەیەکی فەڕمی ڕایدەگەیەنین وەک چۆن پێشتر ڕامانگەیاندووە.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری
٢٠٢٣/٨/٢٩