سەرۆک بارزانی لەگەڵ وەزیر و ئەندامانی فڕاكسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەرپرسانی پارتی لە بەغدا كۆبووەوە
ڕۆژی پێنجشەمە 17ی ئابی 2023، سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەڵاحەدین لەگەڵ وەزیر و ئەندامانی فڕاكسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەرپرسانی پارتی لە بەغدا كۆبووەوە.
لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسی و دوایین پێشهاتەکان تاوتو کران.
هەر لەم دیدارەدا د.فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوە و ئەندامی مەکتەبی سیاسی تێڕوانینێکی گشتی لەبارەی ئامادەکاریی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و گرنگترین ئەو یاسایانەی خستەڕوو کە لەم وەرزەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتو دەکرێن، لەوانەش یاسای نەوت وغاز، یاسای ئەنجومەنی فیدڕاڵی، و یاسای دادگای فیدراڵی.
سەرۆک بارزانی لە وتەیەك دا دووپاتی کردەوە: ئێمە خاوەنی پرسێكی ڕەواین، لە هەموو قۆناغەكانیش دا لە پڕۆسەی سیاسی دا هەمیشە، پابەندین بە هەر سێ بنەمای تەوافوق و شەراکەت و هاوسەنگی، هاوكات پێویستە مافە دەستوورییەکانی قەوارەی یاسایی و دەستووری کوردستان و گەلەکەی پارێزراو بێت، چونکە ئەم هەرێمە بەرهەمی خەباتێکی دوور و درێژە لەپێناوی ئازادی.