شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕۆژی سێشەممە شاندێکی حکومەت سەردانی بەغدا دەکات ، بابەتی یاسای بودجە گفتوگۆی شاندی هەرێم و حکومەتی عێراقی دەبێت و هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێکردووە و چاوەڕێی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەکەین.
پێشەوا هەورامانی گوتیشی، مووچەی هاونیشتیمانییان ئەولەوییەت دەبێت لەکاتی گەیشتنی بودجە لە بەغداوە.
لەبارەی سەردانی شاندەکە بۆ بەغدا، پێشەوا هەورامانی رایگەیاند، بەڕێز سەرۆکوەزیران لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راسپاردووە بۆ ئەوەی هەموو هاوکارییەکی تیمە تەکنیکییەکانی عێراق بکەن و هیچ پرسیارێکیان نەمێنێت بەبێ وەڵام.
هەروەها راشیگەیاند، رۆژی یەکشەمەی داهاتووش شاندێکی حکومەتی هەرێم بۆ تاوتوێی یاسای نەوت و غاز دەچنە بەغدا و هەرێمی کوردستان دەیەوێت دەستوور بنەما بێت لەبابەتی یاسای نەوت و گاز و ئاشکراشیکرد، سێ لایەنی سەرەکی لە یاسای نەوت و گازدا گفتوگۆ دەکەن،حکومەتی هەرێم، پاریزگا بەرهەمهێنەرەکان و حکومەتی عێراق.
هاوکات باسی لەوەشکرد، هەرێمی کوردستان دەیەوێت یاسایەک دەربچێت بۆ نەوت و غاز کە هیچ لایەک تێیدا هەست بە غەدر نەکات و پێویستە لایەنە کوردستانییەکان لەم بابەتەدا یەکدەنگبن و خواستی حکومەتی هەرێم ئەوەیە ئەزموونی یاسای بودجە لە پرسی یاسای نەوت و غاز لەناو هۆڵی پەرلەمان دووبارە نەکەینەوە.