زانیاری نوێ لەسەر ئەو تاهۆیە ئاشکرابوو کە بەدوای کاروان عەلی شامار کەوتبوو،برای هاوکار جاف نهێنییەکانی درکاند…
دوای ئەوەی ئاوەڵزاوەکەی کاروان عەلی شامار باسی لەوە کردبوو، گوایە تاهۆیەکی رەش تەقەی لێ کردوون، سالار رەواندزی فەرماندە و کەسی نزیک لە لاهور جەنگی کە شەوی رووداوی گیانلەدەستدانی کاروان عەلی شامار لەگەڵیان بوو، رای گەیاند ئەو تاهۆیە لەگەڵ خۆمان بوو، رەنگە ئەوەی دەیڵێت بەهۆی پەشۆکانیەوە بێت.
لەمبارەیەوە محەمەد جاف، برای هاوکار جاف بۆ (بازمیدیا) گوتی؛ رێزم بۆ کاک سالار هەیە، بەڵام رەنگە نەوێرن راستییەکان بڵێن، چونکە هاتووچۆی سلێمانی زۆر دەکەن، ئەوانەی دیکەش بەهەمان شێوە، بەڵام راستییەکە شتێکی دیکەیە و بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی ئێمە کردوومانە تاهۆیەکی جام رەشی بێ ژمارە دوای مارسیدزەکە کەوتووە، ویستوویانە کاروان عەلی شامار بڕفێنن، بەڵام لەبەر ئەوەی پێیان رانەگیراوە لە کامێرەکان کاتێک تێدەپەڕن لە درگای هاتنە دەرەوە لە تونێلی پێشڕەو تاهۆکە لە پشتەوە خۆی بە مارسیدزەکەدا کێشاوە، شۆفێرەکە کە ئاوەڵزاوای کاروانە کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەکەی لەدەست داوە، هەموومان دەزانین مارسیدز بە ئاسانی وەرناگەڕێت.
براکەی هاوکار جاف کە هاوڕێی کاروان عەلی شامارە دەڵێ؛ بۆ کاروان لە دەرەوەی ئۆتۆمبێلەکە بووە؟، بۆ بەتەنیا براوەتە پزیشکی دادوەری و ئەنجامی پشکنینەکانیشی ئاشکرا نەکراوە؟، بۆچی بریندارەکانی دیکە بەجیا برانە نەخۆشخانە؟، ئەی بۆ دیار نین و شاردراونەتەوە؟، ئێمە بەدواداچوونمان بۆ ئەم بابەتە تا کۆتایی دەبێت، چونکە ئەمە تەسفیەیە کە کراوە.
ئەوەشی خستە روو کە ویستەکە بۆ رفاندنی کاروان عەلی شامار بووە، چونکە پێشوەخت هۆشداری پێدراوە نەچێتەوە لالەزار، بۆیە کراوەتە ئامانج، جگە لە کاروانیش هەموومان یەک یەک دڵنیاین تەسفیە دەکرێین، جا ئیدی بەگوێرەی ئەو بەرنامە و پلانانەیە کە بافڵ تاڵەبانی و براکەی دایان ناوە، تا ئەمانەش حوکمی یەکێتی بکەن رەوشەکە خراپتر دەبێت.
محەمەد جاف باس لەوە دەکات، کە بەهۆی قسەکردنی لەسەر ئەم بابەتە بە بێ پەردە، فشاری لێ دەکرێ کە بێدەنگ بێت، وەک خۆی دەڵێ ‘هیچم نەماوە بیدۆڕێنم و لێی بترسم، براکەیان تیرۆر کرد، هەر ئەوم هەبوو’.