ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی بۆ بازمیدیا: بافڵ تاڵەبانی یەکێتی کردووە بە حزبێکی سەربازی بێ مۆراڵ

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی بۆ بازمیدیا: بافڵ تاڵەبانی یەکێتی کردووە بە حزبێکی سەربازی بێ مۆراڵ

“بافڵ تاڵەبانی ئاراستە دەکرێ و زیاتر وەک کاراکتەر رۆڵ دەگێڕێت”

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی رای دەگەیەنێت، بافڵ تاڵەبانی لە دۆڵێکە، مەکتەبی سیاسی لە دۆڵێک، سەرکردایەتی لە دۆڵێک، لە ئەدا و لە شێوازی بەڕێوەبردنی یەکێتی نیشتمانیدا شکستی هێناوە، ئەم پیاوە کاراکتەرێکی بێ ئەزموون و بێ ئاگایە لە سیاسەت و باگراوندی سفرە، ئێستا لێی بپرسی دەستەی دامەزرێنەرانی حزبەکەی نازانێت کێن.

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت بە (بازمیدیا)ی ڕاگەیاند: هەر حزبێکی سیاسی رێکخستنی هەیە، بە ئەڵقە لە خوارەوە بۆ سەرەوە دەڕوات، بەڵام لەنێو یەکێتی ئەم شێوازە پەیڕەو ناکرێت، بافڵ تاڵەبانی بەتەنیا بڕیار دەدات، ئەم پیاوە ئەمڕۆ رەئیەکی هەیە، سبەی رەئیەکی دیکە، لە دۆخێکی نائارام و ناجێگیردایە، کاراکتەرێکی سیاسی بێ ئەزمونە و باگراوندی سیاسی سفرە، تەنیا میراتی مام جەلالی وەرگرتووە و کە هاتووەتە ئەم پێگەیە، قۆناغەکانی سیاسی نەبینیوە و ئاگای لە مێژووی حزبەکەی نییە، ئێستا لێی بپرسی دەستەی دامەزرێنەرانی حزبەکەی نازانێت کێن.

ئەوەشی خستە روو کە بافڵ تاڵەبانی بەداخەوە لە ژێر کاریگەری شیعەی توندڕە و ئەو وڵاتانەی ناوچەکەدایە و لەوێوە ئاراستە دەکرێت، یەکێتی ئێستا یەکێکە لەو حزبە خراپانەی کە هیچ کەس و لایەنێک ئیرەیی پێ نابات، چونکە دەنگدەرەکانی لە دۆڵێکە، سەرکردایەتی لە دۆڵێکە، مەکتەبی سیاسی لە دۆڵێکە، دەستەی کارگێڕی لە دۆڵێکە، مەڵبەندەکان لە دۆڵێکی دیکەن، ئەدای بافڵ و شێوازی کارکردنی لە هەموو روویەکەوە شکستی هێناوە، ئەمە جگە لەوەی حزبەکەی لە سۆشیال دیموکراتەوە کردووە بە حزبێکی سەربازی بێ مۆراڵ، هەموو ئەمانە دەزانێت بۆیە بچوکترین شت دەکات بە بیانوو بۆ تێکدانی کۆبوونەوەکانی تایبەت بە بابەتی هەڵبژاردن.

ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێ؛ دەزگای هەڵبژاردنی حزبەکەمان ئامارەکانی تایبەت بە دەنگدەرانی حزبی خستووەتە پێش بافڵ تاڵەبانی و ئەنجامەکانی دڵخۆشکەریان پێ نەداوە، نە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، نە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بۆیە دۆڕانی یەکێتی لەسەر دەستی بافڵ تاڵەبانی حەتمییە، چونکە لە جەماوەرەکەی دابڕاوە.