دەنگەکانی یەکێتی لە شەش کورسییەوە بۆ دوو کورسی دابەزیوە، ئەمەش وای کردووە بەپەرۆشبن بۆ هاوپەیمانێتی

د.محەمەد خورشید؛ “دەنگەکانی یەکێتی لە شەش کورسییەوە بۆ دوو کورسی دابەزیوە، ئەمەش وای کردووە بەپەرۆشبن بۆ هاوپەیمانێتی”

یەکێتی دەیەوێت سود لە لایەنەکانی دیکە بۆ زیادکردنی کورسییەکانی وەربگرێت

یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک گەرمیانی پارتی رای دەگەیەنێت، لەگەڵ لایەنەکانی لە گفتوگۆی بەردەوامدان، کۆتایی ئەم مانگە کۆتا وادەیە بۆ ئەنجامدانی هاوپەیمانێتی، تا بتوانین ئەنجامێکی باش بەدەست بهێنین.

د.محەمەد خورشید، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک گەرمیانی پارتی بە (بازمیدیا)ی راگەیاند؛ لە پێش جەژنی قوربانەوە ئێمە لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان کە زیاد لە ١٢ لایەن بوون کۆبوونەوەمان کرد، هەروەها گفتوگۆی جدی لەسەر هاوپەیمانێتی کراوە، لەوانە کۆمەڵی دادگەری، بزوتنەوەی گۆران، حزبی شیوعی، سۆسیالیست، ئیسلامی عێراقی، هاوپەیمانی نیشتمانی، حزبەکانی دیکە، دانیشتن و کۆبوونەوەکان لەسەر ئەم بابەتە بەردەوام دەبێ، کار لەسەر دروستکردنی یەکڕیزی بۆ هەڵبژاردنی ئایندە لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەکەین، بۆ ئەوەی نزیکبونەوە لەنێوان لایەنەکان بە پلەی یەک هەبێت، کۆتایی ئەم مانگەش کاتی هاوپەیمانیەکانە، تا بتوانین ئەنجامێکی باش بێتە دەست بە شێوەیەکی باش هاوکاربین.

هاوکات بەرپرسەکەی پارتی باس لەوە دەکات، پێدەچێت دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ١٠/١٠/٢٠٢١ ترسی لای یەکێتی دروست کردبێت، هەرچەندە ئەوکاتە یەکێتی و گۆران بەیەکەوە یەک لیست لە کەرکووک دابەزین، بەڵام ژمارەی کورسیەکانی لە شەش کورسی بۆ دوو کورسی دابەزی و دواتر کەسیکی بێ لایەنیان کرد بە هی خۆیان و دەڵێن سێ کورسیمان هەیە، ژمارەی دەنگەکانیان لە ٧٥٪ی کورد بۆ ٤٠٪ی دەنگی کورد دابەزیوە، ئەمە بێگومان حساباتە لەلای ئەوان (یەکێتی) و رەنگە بیانەوێ لەگەڵ چەند لایەنێکی دیکە دابەزن، بۆ ئەوەی سود لە دەنگەکانی ئەوانی دی وەربگرن.

سەبارەت بە هاوپەیمانێتی کۆمەڵ و یەکێتی، د.محەمەد خورشید دەڵی؛ هەر لایەنێکی سیاسی بەشی خۆی دەنگی هەیە، بێگومان برایانمان لە کۆمەڵی دادگەر دەنگی خۆیان هەیە، بەڵام تا ئێسیا دەنگێکی وایان نەهێنانە کە لە ئەنجومەنی پارێزگا نوێنەرێکیان هەبێت، نە لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نوێنەریان نەبووە، واتا دەنگی کۆمەڵ ئەوەنەنیە لە کەرکووک.

لەبارەی هاوپەیمانی یەکێتی و پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، پارتی هاوپەیمانی لەگەڵ دەکات؟، بەرپرسەکەی پارتی دەڵێ؛ سەرەڕای هەموو ئەو کێشانەی لەگەڵ ئەو لایەنە هەیە، بەڵام ئێمە بۆ ئایندەی هەڵبژاردنەکان پابەندی بریاری مەرکەزی خۆمانین، جا بڕیارەکە هەرچی بێت.