سەید ئەحمەد پێنجوێنی:
مامۆستایەکی ئاینی رای دەگەیەنێت، رەنگە ئێمە لە رووی پیشەسازی و مۆدێرنەوە لە پاشبین، ئەوەش بەهۆی نەبوونی دەوڵەت و چەوساندنەوەمان بووە بەدرێژای مێژوو، بەڵام خاوەنی کۆمەڵێک بەهای جوان و کلتور و خێزانین، ئێستا داگیرکەر دەیەوێ بۆ ئەجێندای بۆگەنی مل کەچ بکەین و بەهاجوانەکانمان لەبن هەڵکەنێت، دەستخۆشی لە سەرۆک وەزیران دەکەم کە رێگیری لەم هەنگاوەی داگیرکەران دەکات.
سەید ئەحمەد پێنجوێنی، وتارخوێن و مامۆستای ئاینی لەبارەی رەخنەکەی رێکخراوی هیومان رایتسۆچ کە باس لە رێگری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئازادی هاوڕەگەزخوازی دەکات، بە (بازمیدیا) رایگەیاند: دەبێت دەستخۆشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت، کاتێک دێتە سەنگەری میللەت رێز و قەدری بگرین، ئێمە وەک مامۆستایانی ئاینی و خواناس و دڵسۆزی ئەم میللەت و خاکە پیرۆزە دەبێ هەر کارێک حکومەت کردی و باش بوو پێی بڵێین چاکتکرد، بۆیە پشتیوانی ئەم هەنگاوەی حکومەت دەکەین.
سەید ئەحمەد پێنجوێنی دەڵێ؛ رێکخراوە ناحکومیەکان کە راستەوخۆ بەڕێز سەرۆکی حکومەت سەرپەرەشتی دەکات، لە رێگای دادگاوە هەوڵی باشی دا تا بەشێوەیەکی یاسایی ئەو زێران و شتە خراپانەی دوورن لە بەهای کۆمەڵگاوە دایان بخات، حەقوایە میللەتیش دەستخۆشیان لێ بکات، ئێمە کارێکی باش حکومەت یان حزب بیکات، دەست لەنێو دەستی دەنێین و پشتیوانی و دەستخۆشی لێ دەکەین
سەبارەت بە پەرەسەندنی هاوڕەگەزخوازی لە کوردستاندا، ئەم مامۆستا ئاینییە گوتیشی؛ ئەگەر بمانەوێ خێزان و کۆمەڵگاکەمان وەک میللەتێکی تێکەڵاو و پێکەوە ژیان بمێنێت، وەک چۆن هەزاران ساڵە بەهای باڵا و رەوشتی جوان و رێز لە زانست گیراوە و بووە بە دەستمایە و سەرمایە و ژێرخانی نەتەوە و نیشتمانەکەمان، نابێ مل بۆ ئەجێندای بۆگەنی داگیرکەر دابنەین، کە کۆمەڵگای خۆیان داڕوخاوە و هیچ بەهایەکی جوانی تێدانەماوە، دەبێت دەست بە بەهاکانمانەوە بگرین، حکومەتیش وەک پارێزەری میللەت دەبێت لە سەنگەری بەرگیردابێت و رێگری لە هەر حاڵەتێکی نامۆ بە کۆمەڵگاکەمان بگرێت، بەنموونە هاوڕەگەزخوازی کە داڕوخێنەری کۆمەڵگاکانە، ئێستا دەیانوێ کۆمەڵگای ئێمەش بەم دەردەوە بئاڵێنن.