سەرتیپ جەوهەر : 8ی تەمموز كۆتایی بەژیانی حزبیی و رێكخراوەیی یەكێتیی هێنا

سەرتیپ جەوهەر:

ئەمڕۆ دوو ساڵ بەسەر كودەتای ناوخۆی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان تێدەپەڕێت.

8ی تەمموز كۆتایی بەژیانی حزبیی و رێكخراوەیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان هێنا. پەیرەوی ناوخۆ و پرەنسیپە بنەڕەتیەكانی ژیانی حزبایەتی پێچرانەوە. یەكێتیی لەحزبێكی مۆدێرنی دیموكراتەوە كردە حزبێكی بێ‌ شوناس و ناونیشان. هەروەك لەحزبێكی بەڕێوەبردنی دەستەجەمعی بوو حزبی (خێزان) و تاكە كەسی.

8ی تەمموز یەكێتی لەمێژوو و رابردووی خۆی دابڕی، ئەوەی ئێستا، پەیوەندی بەتێگەیشتن و بیروباوەڕی مامجەلال و هاوەڵانیەوە نییە، بەدەرە لەو مێژووەی كە پێشتر جەماوەر و دەنگدەری یەكێتیی لەسەر پێی ئاشنابوون.
تۆماری رووداوەكان، بڕیارو لێكەوتەكانی دوای 8ی تەمموز پەیوەندی بەفكرو تێگەیشتن و ئەدەبیات و فەرهەنگی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و فكری سۆسیالست دیموكراتەوە نییە.
وێنەی ئەو مێژووە نوێیە، ئەو دیمەن و رووداوانەن كە لەدوای 8ی تەمموز رۆژانە دەیبینین و دەیبیستین.
8ی تەمموز برینێكی قوڵ و كوشندەی لەجەستەی ئەو حزبە كرد، جەماوەری یەكێتیی و ئەوانەی ئومیدیان پێی بوو سەرگەردان كرد. ئەو یەكێتییەی ئێستا لەچەند لاوە بریندارە، خوێنێكی زۆری لەبەر رۆیشتووە، گەر فریای نەكەون خەریكە دەبێتە جەستەیەكی ساردو سڕ!

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button